سەرۆكی باندی دزینی مووچەی نەخۆشخانەكەی سلێمانی دەستگیر كرا

مووچەی نەخۆشخانەیان دزیبوو

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو چەند كەسێك مووچەی نەخۆشخانەی شار-یان لە سلێمانی دزی، ئەمڕۆ دەستگیركردنی سەرۆكی باندی دزینی مووچەكە راگەیەندرا.

سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، سەرۆكی باندی دزینی مووچەی نەخۆشخانەی شاریان دەستگیر كردووە".

راشیگەیاند: "سەرۆكی باندەكە ددانی بە تاوانەكەدا ناوە و پەڕاوی لێكۆڵێنەوەی بۆ كراوەتەوە".

لە 12/3/2019، ژمارەیەك چەكداری دەمامكدار، رێیان لە لیژنەی ھێنانی مووچەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گرت و تەواوی مووچەكەیان دزی.

ھ.م