ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان زیاتر دەبێت

چەندین كەپری گەشتیاری ژێر ئاو كەوتوون
kurdistan24.net

K24 - دوكان

ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە دوكان رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدرا بۆ ئەو كەسانەی كە نزیكن لە زێی بچووك، بۆ ئەوەی دووركەونەوە، چونكە بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دوكان بڕی ئاوی بەردراوەی بەنداوەكەی بۆ سەرووی 800 تا 900 مەتر سێ جا لە چركەیەكدا زیاد كرد".

پەیامنێرمان، گوتیشی: "بەرزبوونەوەی ئاوەكە وایكردووە ئاستی ھۆشداریەكە گەیشتووەتە پلەی (ج)، بابەتەكە لە زیانی مادی دەرچووە، ھەوڵی ئەوە دەدرێت تەنھا زیانی گیانی لێنەكەوێتەوە، ئەمڕۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی و شارەوانی و پۆلیس لە دوكان لە كەنار دەریاچەكەن، خەڵك لە مەترسییەكان و بەردانەوەی ئاو ئاگادار دەكەنەوە".

راشیگەیاند: "بەراورد بە دوو ھەفتەی پێشوو ئاستی ئاوی دەریاچەی دوكان زۆر زیاتری كردووە، بە سەدان كەپری گەشتیاری لە دوكان ژێر ئاو كەوتوون".

پەیامنێری كوردستان24 لە دوكان ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەوڵدەدرێت ئاستی ئاوی بەردراوە زیاد بكرێت، بۆ ئەوەی نزیك بێت لەگەڵ ئاوی ھاتوو بۆ ناو دەریاچەكە، چونكە بەنداوەكە زیاتر ئاو ھەڵناگرێت".

پێشتر قایمقامیەتی دوكان لە راگەیەندراوێكدا ھاووڵاتیانی ئاگادار: "كە ئەمڕۆ شەممە 6/4/2019 كاژمێر 8ی بەیانی بەنداوی دوكان ئاوێكی زۆرتر بەردەداتەوە و بەم هۆیەشەوە ئاستی ئاوی زێیەكە بە بەراورد  بە رۆژانی  رابردوو زیاتر بەرزدەبێتەوە".

له‌و ئاگادارینامه‌یه‌، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌: "هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و هەماهەنگی تەواو كراوە و ئاگاداركراونەتەوە بۆ "بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و هەر حاڵەتێكی نەخوازراو".

هاوكات دڵنیایی له‌ به‌نداوی دوكانیش دراوه‌ و تێیدا هاتووه‌: "بەنداوی دوكان هیچ كێشەیەكی هونەری و تەكنیكی نیيە تەنها بۆ راگرتنی پارسەنگی دەریاچەكە ناچارە ئاوی زیاتر بەرداتەوە".

 ھ.م