‌"داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كیانێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر ده‌كات"‌

"هیچ یه‌كگرتنێك له‌ته‌ك رووسیا سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌گه‌ر كورده‌كان به‌شدار نه‌بن"
kurdistan24.net

K24 - مۆسكۆ

شاره‌زایان له‌ مۆسكۆ پێیان وایه‌، پێگه‌ی كورد له‌ سه‌ده‌ی نوێدا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌هێزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، كه‌‌ دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی جیهان، ناتوانن له‌به‌رچاوی نه‌گرن. ڤلادیمێر ژیرنۆڤسكی، سه‌رۆكی پارتیی لیبرال دیموكراتی رووسیا ده‌ڵێت "داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ كوردان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات"‌.

لە كۆنفرانسی رووسیا و جیهان، كە لە مۆسكۆ بەڕێوە چوو، گه‌شه‌ی شارستانییه‌ته‌كان و ئاڵوگۆڕیی قۆناخه‌ سیاسییه‌كان له‌ ماوه‌ی ساڵانی 1999 بۆ 2019  چه‌قی گفتوگۆی سیاسی و شاره‌زایان بوو. پرسی كورد له‌م كۆنفرانسه‌دا، گرنگی زۆری پێ درا.

ڤلادیمێر ژێرنۆڤسكی، سه‌رۆكی پارتیی لیبرالی دیموكراتی رووسیا یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆنفڕانسەكە بە كوردستان24ی گوت: "پشتیووانی دروستكردنی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد ده‌كه‌ین، ئه‌وان خاوه‌نی زمان و كولتوور و خاكی خۆیانن، داگیركه‌ر نین، به‌ڵكوو خاكیان به‌سه‌ر چوار وڵاتی دراوسێ دابه‌ش كراوه‌. له‌ چه‌ند رۆژی رابروودا تره‌مپ به‌رزاییه‌كانی جۆلانی راده‌ستی ئیسرائیل كرد، پێده‌چێت له‌ داهاتووشدا كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورده‌كان بكه‌نه‌وه‌ و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ری، ئەمەش به ‌به‌شداریی رووسیا، یان ‌بێ رووسیا بێت، دواتر له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ سنووریشی بۆ دیاری ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كورد به‌ چڕی تێیدا ده‌ژین، ئیتر لێره‌وه‌ كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ چوارچێوه‌ی سنووری خۆیدا بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت، ئێمه‌ پشتیووانی له‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ین".

له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا ‌ئیقبال دوڕه، ‌شاره‌زا و چاودێری سیاسی، به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ مێژووییه‌كان، سه‌رنج و پشتگیریی زۆربه‌ی ئاماده‌بووانی بۆ پرسی كورد و ده‌وڵه‌تی كوردستان به‌لای خۆیدا راكێشا. ئەو دەڵێ: "ئه‌م كۆنفڕانسه‌ گرنگه، لێره‌دا ده‌رفه‌تمان بۆ ره‌خسا باس له‌ گرنگیی پرسی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، هیچ یه‌كگرتنێك له‌ ته‌ك رووسیا سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌گه‌ر كورده‌كان به‌شدار نه‌بن له‌م یه‌كگرتندا، زۆربه‌ی ئاماده‌بووان له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ی مندا هاوڕابوون، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ زۆر پانێڵی جیاوازدا باس له‌ پرسی كورد ده‌كه‌ین، هه‌ر ته‌نیا له‌ مۆسكۆ نا، به‌ڵكوو له‌ وڵاتانی پێشووی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا، ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگیی خۆی سه‌لماندووه‌، ئێستا كورده‌كان له‌ زۆرێك له‌ پرسه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینن، ئه‌مه‌ راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، بۆیه‌ زۆرێك له‌ سیاسییه‌ رووسه‌كان له‌م بابه‌ته‌ ده‌دوێن و به‌ پێویستی ده‌زانن، كه‌ په‌یوه‌ندیی دامه‌زراوه‌یی و دوورمه‌ودا  ببه‌ستن، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كوردستانی عێراقدا، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به ‌یاسا ناسێندراوه‌".

ھ.م