مه‌سرور بارزانی: کوردستان هەمیشە بە ناوەندی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی پیاوانی ئایینیی ئەرمەنی دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 7-4-2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی پیاوانی ئایینیی ئەرمەنی کرد، کە لە ژمارەیەک مەترانی ئەرمەن لە وڵاتانی جیهان پێک هاتبوو.

لەم دیدارەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و رەوشی کریستیانە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا تاوتوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، زەمینەی رەخساندنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ گەڕانەوەی کریستیانە ئاوارەکان، بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا بڕەخسێندرێت.

مەسرور بارزانی خۆڕاگریی و پەیوەستبوونی برایانی کریستیان بە زێدی خۆیان و مانەوەیان لەوڵاتی بە پێویستی زانی، بۆ رێگریکردن لەو هەوڵانەی ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامە و گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچەکانیانە و رایگەیاند، پاڵپشتیمان بۆ ماف و داخوازییەکانی برایانی کریستیان بە گشتی و ھاووڵاتییانی ئەرمەنی بەردەوام دەبێت.

هەر لەو دیدارەدا راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا گەلی کوردستان دەستبەرداری فەرهەنگی لێبووردەیی و پێکەوەژیان نابێت، کە بە درێژایی مێژوو لە هزریدا رەگی داکوتیوە و گوتی: "کوردستان هەمیشە بە ناوەندی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە".

لە بەرامبەردا شاندی میوان سوپاسی سەرۆک بارزانی و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا پەنا و داڵدەی کریستیانەکانی عێراقی داوە و لە کردنەوەی کلێسەی ئەرمەنی لە ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پالپشت بوونە، لە کۆتاییشدا ئاواتی سەرکەوتنیان بۆ کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست.

ئ. م