له‌ قاهیرە ساڵیادی ده‌رچوونی رۆژنامەی کوردستان و خەبات ده‌كرێته‌وه‌

باڵێۆزی عێراق لە قاهیرە: رۆژنامەگەریی کوردیی، مێژوویەکی پڕ لەسەروەری تۆمار کردووە

K24 - هه‌ولێر:

بەبۆنەی 121 ساڵیادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کورد کە لە قاهیرە لە ساڵی 1898 لە لایەن میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و 60ه‌مین ساڵیادی دەرچوونی بەئاشکرای رۆژنامەی خەبات، رێوره‌سمێكی تایبه‌ت سازكرا.

مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، رێوره‌سمێكی تایبه‌ت به‌ هه‌ردوو بۆنه‌كه‌ سازكرد، كه‌ تێیدا پێشانگایه‌كی تایبه‌ت به‌ نمایشكردنی دۆكیومێنت و لاپه‌ڕه‌ی چاپكراوی رۆژنامه‌كان كرایه‌وه‌ و ئێوارخوانێكیش سازكرا.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌، باڵیۆزی عێراق له‌ قاهیره‌ و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی و په‌رله‌مانتاری میسر و نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كانی و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران ئاماده‌بوون.

شێرکۆ حەبیب، به‌رپرسی نووسینگه‌ی پارتی له‌ قاهیره‌، رایگه‌یاند، ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) بە جەژنی رۆژنامەنووسان هەژمار دەکرێت و  مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە بۆ گەلی کورد.

شێركۆ حه‌بیب گوتیشی: "كاتێك باس لەو رۆژنامەیه‌ دەکەین سەری رێز و نه‌وازش بۆ میقداد مه‌دحەت بەدرخان و بنەماڵەکەی دادەنەوێنین، کە وشەی کوردیان بە جیهان ناساند، دەبێ ئاماژە بە رۆڵی میسر و بەتایبەتی قاهیرە بکەین، کە ئەو خێزانە رۆشنبیرەی لە ئامێز کرد، لە دار ئەلهلال ئەو رۆژنامە بە چاپ گەیاندرا".

دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه‌، کاتێک یادی یەو رۆژنامە ده‌كرێته‌وه‌، دەبێ رۆڵی برا میسرییەکان بە بەرز بنرخێنرێت.

له‌ باره‌ی 60ه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی ئاشكرا رۆژنامه‌ی خه‌باتیش، رایگه‌یاند، رۆژنامه‌كه‌ لە ماوەی دەرچوونیدا، مەشخەڵێك بووە لە بەرگری لە مافە رەواکانی میللەت و چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادی.

لای خۆیه‌وه‌، دکتۆر ئەحمەد نایف دلیمی، باڵێۆزی عێراق لە قاهیرە، ئاماژەی بە رۆڵی رۆژنامەگەریی کرد لە گەیاندنی دەنگی گەل و ئەزموونی دیموکراسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژنامەگەریی کوردیی، مێژوویەکی پڕ لەسەروەری تۆمار کردووە لە خەباتی گەلی عێراق و گەلی کورد.

ئ. م