سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی: پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك له‌ پشت لادانی به‌رپرسه‌ كورده‌كانه‌

لە دوای رووداوەكانی16ی ئۆكتۆبەرەوە دەیان بەرپرسی كورد لە پۆستەكانیان لادراون
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، محه‌ممه‌د كه‌مال، رایگه‌یاند، ئەو كەسەی لە پشت لادانی بەرپرسە كوردەكانی ئه‌و پارێزگایەیه‌، راكان سەعید پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكە.

لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەیان بەرپرسی كورد لە پۆستەكانیان لادراون، دواترینیان عەمید یادگار شکور، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی کەرکووكە، كە بە نووسراوێكی فەرمی لە بەغداوە لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بەغدا لەولاوە پێشنیاز بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی فەتح رایگه‌یاند، ئیرادەی سیاسی بەو ئاراستەیەیە، كە لە چوارچێوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، ئاشكرایە 13 ساڵە ھەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام نەدراوە، پرسی لادان و دانانی بەرپرسانی خۆجێیی شارەكە، پرسێكی لاوه‌كییه‌، پێویستە ھەموومان بە ئاراستەی رێككەوتن كار بكەین بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان، باشترین چارەسەریش بۆ كەركووك ئەوەیە، سەرجەم نەتەوەكان بە شێوەیەكی ھاوسەنگ لە دامودەزگاكانی دەوڵەت رۆڵیان ھەبێت.