ئه‌نفال.. برینێكی سارێژنه‌بووه‌ به‌ جه‌سته‌ی كوردستانه‌وه‌

ھێندەی برینی كەس و كاری ئەنفالكراوان دەكولێنرێنەوە ھێندە بیر لە قەرەبووكردنەوەیان ناكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ھەموو ساڵێك لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەنفالی گەلی كورد، ھێندەی برینی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكولێنرێنەوە، ھێندە بیر لە قەرەبووكردنەوەیان ناكرێتەوە، ئەگەرچی كەس و كاری ئەنفالكراوان دەڵێن: "ھیچ شتێك ناتوانێت رۆحی كەسوكاریان بۆ بێنێتەوە"، بەڵام لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە، تا ئێستا یەك دینار وەك قەرەبوو بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان نەنێردراوە.

دادە مەریم، لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ئێران ئاوارەن، کاتێک هەواڵی ئەنفالکردنی باوکی و کەسوکارییان پێدەگات، هەواڵێک ئێستاش ھەر بە ھاتنی مانگی ئەنفال، نوێ دەبێتەوە دادە مەریەم دەتاسێنێت.

دادە مەریەم و ھاوسەرەكەی خاوەنی پێنج ئەنفالن، بەتەنیا لە گوندەكەی ئەوان 40 كەس لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفالكراون.

هەموو ساڵێك لە مانگی چوار، کە بە مانگی ئەنفالەکانی هەرێمی کوردستان ناسراوە، برینەکان دەکولێنەوە،  قسەکان هەر لەسەر کارەساتەکەیە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکارەکانی ئەنفال هەر قسەی پێش میدیا و سەر کاغەزە، تا ئێستا حکوومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێڕاق یەک دیناریان بۆ کەسوکاری ئەنفالەکان نەناردووە.

كارەساتی ئەنفال كە ئێستا لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و چەندین وڵاتی دیكە بە جینۆسایدی كوردەكان ناسراوە، لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە سالی 1986 ەوە تا سالی  1989 خایاند، بەڵام پرۆسە گەورەكە لە 23 شوباتی ساڵی 1988 ەوە دەستیپێكرد، تاكو 6 ئەیلوولی  ھەمان ساڵ بەردەوام بوو.

كارەساتەكە بە ھەشت قۆناغ تێپەڕی، لە ئەنجامدا 182 ھەزار كەس ئەنفال كران، جینۆسایدەكە ھێندە گەورەبوو زۆرینەی شارۆچكە و گوندەكانی باشووری كوردستانی گرتەوە، ئامانجی رژێمی بەعس لەناوبردنی كورد بوو، بەڵام ئەوەتا سەددام و رژێمەكەی خۆیان لەناوچوون، گەلی كورديش به‌ ئازادی و سه‌ربه‌رزی مایه‌وه‌.

ئ. م

ئ. م