یه‌كێتی سووره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی جێگری دووه‌م و گۆڕانیش رازی نییه‌

"یه‌كێتی داوای ئه‌و پۆستانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ر گۆڕان كه‌وتوون"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

رێکكەوتنی لایەنەکان و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان لەسەر ناڕازیبوونی گۆڕان بۆ پۆستێکی یەکێتی نیشتیمانی و سووربوونی ئەو حزبە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە وەستاوە.

پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی رێكکەوتنی ھەیە، بەڵام پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بۆ کاروباری سەربازی بووەتە لەمپەری رێکكەوتنی کۆتایى، پەرلەمانی کوردستانیش بەمەبەستی رێککەوتنی لایەنە کان دەنگدانی لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستانی دواخست تالایەنەکان بگەن بەسازان، بەڵام لای لایەنەکان دنیا کش و ماتەو ھیچ شتێک دیار نیيە، پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت،  ئەوان ھەموو ئامادەیەکیان تێدایە بۆ پێکھێنانی حکوومەت و ئەوەشیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و ھێزو لایەنە سیاسیەکان گوتووە.

لە دوای دواخستنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەی ھەموارکردنەوەی یاسای دامه‌زراوه‌ی سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن پەرلەمانەوە  بەمەبەستی رێکكەوتن و سازان لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەکێتی، سەبارەت بە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ھەرێم، بەڵام تائێستا ھیچ گفتوگۆیەك لە نێوان لایەنەکان نەکراوە، گۆڕان و یەکێتیش لەسەر ھەڵوێستەکانی خۆیان سوورن.

پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بۆ کاروباری سەربازی بۆ یەکێتیە و رێکكەوتنی  لەسەر کراوە، بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێت: "ھێشتا زەمینەی رێكکەوتنە کۆتایى ماویەتی، بەڵام چەند سەرە قەڵەمێکی ماوە بۆ چارەکردن، وەکو یەکێتیش دەمانەوێت ئەجێندای خۆمان جێبەجێبکەين". بۆیە ئەو ئامرازەی گرتویانەتە بەر بۆ گفتوگۆکردن بە مەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی حزبەکەیانە.

وابڕیارە بۆ گەيشتن بە رێکكەوتنی کۆتایی، پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ھەریەك لە یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بکات، بەڵام تائێستا وادەی ئەو سەردانە دیار نیە، ھەر ئەمەش وایکردووە رێکكەوتنی کۆتایى لە نێوان پارتی و یەکێتی دوابکەوێت، چونکە تائێستا بەرپرسانی گۆڕان رازی نین پۆستی جێگری دووه‌می سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بۆ یەکێتی نیشتیمانی بێت.

ئ. م