له عێراق پرۆسه‌ی دادگاییكردنی 900 چه‌كداری داعش ده‌ستپێده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق، رێككاره‌كانیان بۆ دادگاییكردنی 900 كه‌س ده‌ستپێكردووه. ئه‌و كه‌سانه له لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)وه راده‌ستی عێراق كراونه‌ته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵده‌ری فه‌ره‌نسی (فرانس پرێس)، له زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی دادی عێراق بڵاویكرده‌وه، به‌غدا دۆسییه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌رگرتووه، كه هه‌سه‌ده راده‌ستی به‌غدای كردوون.
گوتیشی: "دادگای تایبه‌تمه‌ند به دۆسییه‌كانی تیرۆر، ده‌ستیكردووه به گرتنه به‌ری رێككاره یاساییه‌كان بۆ دادگاییكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه".
راده‌ستكردنی ئه‌و كه‌سانه به عێراق، دوای ئه‌وه هات، هه‌سه‌ده شارۆچكه‌ی "باغۆز"ی له رۆژهه‌ڵاتی فورات و له سنووری پارێزگای دێرزوور كۆنترۆڵكرد. به‌و هۆیه‌وه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌و ناوچه‌یه‌دا هێنا.
ئاژانسه‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، هێشتا كه‌سانێك له زیندانه‌كانی هه‌سه‌ده ماوون، كه ره‌چه‌ڵه‌كنامه‌ی عێراقییان هه‌یه. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، له داهاتوویه‌كی نزیكدا راده‌ستی عێراق بكرێنه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراق، به ئاژانسه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، "كه‌سانی به‌رپرس له رێكخراوی داعش له ریزی ده‌ستگیركراوه‌كان هه‌ن، كه یه‌كێكیان شاره‌زای كیمیاییه و به‌رپرسی زۆربه‌ی په‌لاماره كیمیاییه‌كانی رێكخراوی داعش بووه".
له عێراقدا هه‌زاران كه‌س په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه كردووه. به‌شێك له‌وان ئافره‌تن. ئه‌وانه‌یان، رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه، زۆربه‌یان سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.
جگه له عێراقییه‌كان، به‌غدا سه‌رقاڵی دادگاییكردنی 12 كه‌سه كه ره‌چه‌ڵه‌كنامه‌ی فه‌ره‌نسییان هه‌یه. ئه‌و كه‌سانه پێشتر له سووریا ده‌ستگیركراوون. له لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه، راده‌ستی عێراق كراونه‌ته‌وه.
ئ.ر