لافاو باخ و بێستانی چه‌ند پارێزگایه‌كی ئێران ده‌فه‌وتێنێ
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی ئێران رایگه‌یاند: "نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن هێكتار باخ و بێستان و زه‌وی كشتوكاڵی به پله‌ی جیاجیا، به‌هۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو كه چه‌ند پارێزگایه‌كی ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه‌ته‌وه دووچاری زیان بوونه‌ته‌وه".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی "فارس"ـی ئێرانی، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی ئه‌و وڵاته زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی ئاو له زه‌وییه‌كاندا به‌روبوومی كشتوكاڵی و باخه‌كان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌و به‌شێكیان له ناوچوون.
وه‌زاره‌ته‌كه ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی ئه‌و باخانه‌ی زیانیان به‌ركه‌وتووه، ده‌كه‌ونه پارێزگاكانی (خوزستان له باشووری رۆژئاوا، مازنده‌ران له باكوور، كرماشان له رۆژئاوا) به‌ڵام زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان زیاتریان له له پارێزگاكانی (خوزستان و لوڕستان له رۆژئاوا، گوڵستان له باكوور، مازنده‌ران و كرماشان و ئیلام له رۆژئاوای وڵاته‌كه) بوون.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌كراوه، 6 هه‌زار شوێنی به‌خێوكردنی مریشك و 100 شوێنی به‌خێوكردنی ماسی به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه له‌ناوچوون.