هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ نزمترین ئاست

نه‌وتی ئێران كه‌مترین ئاستی تۆماركردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران، له‌ مانگی نیسان/ ئه‌پریلی 2019 دابه‌زیوه‌ و ئه‌مساڵ گه‌یشتووه‌ته‌ نزمترین ئاست.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسه‌كه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی سه‌پاندنی سزا نوێكانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ و رێگریكردنه‌ له‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

ئاژانسه‌كه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ داتاكانی كۆمپانیای Refinitiv Eikon و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیكه‌ی توێژینه‌وه‌، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ناوه‌ندی قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران له‌ مانگی نیسان، له‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ كه‌متربووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ چاو مانگی رابردوو كه‌متره‌، كه‌ 1.1 ملیۆن به‌رمیل بووه‌.

ئه‌و ئاژانسه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كڕیارانی بیانی نه‌وتی ئێران، ده‌ستیان به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی ئه‌و نه‌وته‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ئێران ده‌یكڕن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی توندكردنی سزاكانی سه‌ر تاران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌.

ئ. م