"ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووی عێراق ده‌بنه‌ ئۆپۆزیسیۆن"

نه‌سر و ده‌وڵه‌تی یاسا و حیكمه‌ له‌ ده‌ووری یه‌كتر كۆده‌بنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانێتی نەسر ئاشکرایدەکات، هاوپەیمانێتییەکانی نەسر، هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا رەوتی حیکمە لەسەر هەماهەنگی نێوانیان بۆ پرسە سیاسییەکان رێککەوتوون.

 ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبینی دەکرێت هەریەک لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی نەسر، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆببنەوە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی خەڵک سزایداون یاخود پۆستی حکومیان بەرنەکەوتووە، هەوڵدەدەن لەم خولەی پەرلەماندا ببنە ئۆپۆزیسیۆن.

بەهۆی کێشە و ناکۆکی نێوان هاوپەیمانێتییەکان لەسەر پۆستە حکومییەکان و یەکتر قبووڵنەکردن، هەردوو هاوپەیمانێتی چاکسازی و بوونیاد رووبەڕووی لێکترازان دەبنەوە، پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانێتی نەسریش ئاماژە بەوەدەكات، هەریەک لە هاوپەیمانێتییەکانی نەسر، دەوڵەتی یاسا و رەوتی حیکمە لەسەر هەماهەنگی نێوانیان بۆ پرسە سیاسییەکان رێککەوتوون و بڕیاریشە سەرۆكی ئەو هاوپەیمانێتییانە کۆببنەوە.

نەدا شاکر جەودەت، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی نەسر رایگەیاند، بەشێکی زۆر لەلایەنەکان پێشنیازی هاتنەناوەوەی ئەو هەماهەنگییەی نێوان هاوپەیمانێتییەکانی نەسر، بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیمیان کردووە.

سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی نێوان ئەو سێ لایەنە ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانێتی نەسر ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت هەریەک لە عەممار حەکیم، نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیان کۆببنەوە.

هاوپەیمانێتییەکانی چاکسازی و بوونیاد لە چەندین لایەنی شیعە و سوننە پێکدێن، لەماوەی رابردووشدا،سەرکردەکانی هەردوو هاوپەیمانێتییەکە جەختیان لە باشی پەیوەندی نێوان لایەنەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکانیان کردووەتەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی عێراقی، کە نەیویستووە ناوی بهێندرێت بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەو لایەنانەی پێشتر لە دەسەڵاتبوون و لە هەڵبژاردنی رابردوودا، خەڵک سزای داون، ئێستا بە نیازن لەناو پەرلەمان ببنە هێزێکی ئۆپۆزیسۆن و دەنگی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە بەدەستبخەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر هەندێک لایەن بە نیازی وەرگرتنی پۆست لە حکومەت بوون، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی پۆست بڕیاری بوون بە ئۆپۆزیسیۆنیان داوە.