عێراق داوای ھاوكاری لە وڵاتانی دراوسێ دەكات

عێ دوو وڵاتی نه‌یاری یه‌كدی كۆده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

عێراق داوای ھاوكاری لە ولاتانی دراوسێ دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوە و سووریشە لەسەر پاراستنی سەقامگیری دراوسێكانی.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە گوتاری دەستپێكی لووتكەی پەرلەمانی دراوسێكانی عێراق، سوپاسی ھەموو ولآتانی دراوسێی كرد لەوەی لە پرسی تیرۆر ھاوكاریی كردووە، داواشی كرد، ھاوكاری عێراق بكەن بۆ لەنێوبردنی ھزری تیرۆر و ئاوەدانكردنەوە لە ھەرێمی كوردستانەوە تا بەسڕە و راشیگەیاند، عێراق سوورە لەسەر پاراستنی سەقامگیری دراوسێكانی.

بۆ یەکەمجارە لە یەککاتدا شاندی دیپلۆماسی چەند وڵاتێکی دراوسێی عێراق پێکەوە دەگەنە فرۆکەخانەی بەغدا. شاندی پەرلەمانتارانی سوریا، سعودیە، ئێران، تورکیا، ئوردن و کوەیت. یار و نەیار پێکەوە لە بەغدا بەشداری لووتکە پەرلەمانتارانی وڵاتانی دراوسێی عێراق دەکەن.

لوتکەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و لەژێر سەرپەرشتی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرێوەدەچێت. حەلبووسی دەڵێ: "ئەوەی ئێمەی بە دراوسێکانمانەوە بەستووەتەوە ئایین، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندی و ھەڵکەوتەی جوگرافی ھاوبەشە و چارەنووسی ھەموومانی پێکەوە گرێداوە".

لوتکەکە دوو وڵاتی نەیاری سەرسەختی یەکدی پێکەوە کۆکردوونەتەوە ئەوانیش سعوودیە و ئێرانن. ئامانج لە لووتکەکە ئەوەیە ھەردوو وڵات بتوانن پێکەوە لە وەبەرھێنان و بنیادنانەوەی عێراقدا رۆڵیان ھەبێت.

ئەم لووتکەیە بە ھەنگاوێکی گرنگ بەئاراستەی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی عێراق سەیردەکرێت. بەھەبوونی چەند کێشەیەک لەیەککاتدا لە دەوروبەری عێراق، وەک بەردەوامی شەڕ لە سووریا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رۆڵی نێوەندگیر و ئەرێنی دەبینێت لەنێوانیاندا.

سەرەرای ھەموو ئەمانەش عێراق 15 ساڵە شەر و ئاڵۆزی تێدایە و ملیاردھا دۆلاری دەوێت بۆ بنیادنانەوەی ناوچە وێرانبووەکانی و دەیەوێت بەم ھەنگاوانەی وڵاتانی دراوسێی بەشدار بکات لە پرۆسەی بنیادنانەوەی وڵاتەکەی.

ئ. م