فازڵ میرانی: كات دیاریكردن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راست نییه‌

ته‌نیا له‌ نێوان به‌ڵێنده‌ران و حكوومه‌ته‌كان كات دیار ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "كات دیاركردن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راست نییه‌، چونكه‌ ته‌نیا له‌ نێوان به‌ڵێنده‌ران و حكوومه‌ته‌كاندا كات دیار ده‌كرێت".

فازڵ میرانی گوتیشی: "پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلای بكه‌ینه‌وه‌".

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری كوردستان24 سه‌باره‌ت به‌ به‌ستی كۆنگره‌ی پارتیی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی گوتی: "ئێمه‌ كێشه‌ی كۆنگره‌مان نییه‌. له‌ پارتیی دیموكراتی كوردستان، مه‌رجه‌عیه‌تێكمان هه‌یه‌، پێی ده‌ڵێن مه‌سعود بارزانی. ئه‌و به‌ نسبه‌ت ئێمه‌ كۆنگره‌یه‌، مه‌كته‌بی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌. ئه‌و به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هه‌رچی بڕیارێك بدات، پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین. له‌ كۆنگره‌ش هه‌رچی بڵێت، واده‌كه‌ین".

هه‌روه‌ها گوتی: "نه‌ جیاوازیی فیكری و نه‌ كێشه‌ی رێكخستنمان هه‌یه‌. حزبی ئێمه‌ له‌سه‌ر مه‌ركه‌زییه‌تی دیموكراتی بنیات نراوه‌. دیموكراتییه‌كه‌ رێگه‌ له‌ مه‌ركه‌زیه‌ت ئه‌گرێ، تا نه‌بێته‌ دیكتاتۆری، مه‌ركه‌زیه‌تیش رێگه‌ له‌ دیموكراتی ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ فه‌وزا".