روحانی: ده‌كرێت دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن روحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرن و رێز له یه‌كگرتن هه‌بێت، ده‌كرێت دانووستان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكرێت".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24/4/2019 سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ریكا باجی ره‌فتاره‌كانی ده‌دات و ئێمه‌ش جگه له به‌رگریی و خۆڕاگریی هیچ رێگایه‌كی دیكه‌مان له به‌رده‌مدا نییه".
روحانی له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بڕی نه‌وتی ئێران له بازاڕه‌كانی جیهاندا له‌لایه‌ن سعوودیه و ئیمارت گووتی: "به‌ڵێندانی سعوودیه و ئیمارات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی نه‌وت بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، واتای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئێران و گه‌له‌كه‌یه‌تی، ده‌بێت بزانن ئه‌سته‌مه هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران بگه‌یێنرێته سفر".
هه‌روه‌ها ده‌ڵیت: "كاتێك سه‌ددام حسێن نه‌یتوانی سعوودیه و ئیمارات داگیر بكات، به‌هۆی حیكمه‌ت و عه‌قڵانییه‌تی ئێرانییه‌كانه‌وه بووه".
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی گوشاری زیاتر له‌سه‌ر ئابووری ئێران، مۆڵه‌تی به‌خشینی ئه‌و هه‌شت وڵاته‌شی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه بۆیان هه‌بوو نه‌وتی ئێران بكڕن و دوا مۆڵه‌تیشیان 2/5/2019 یه.