ئه‌حمه‌د سالار ره‌حمه‌ت بۆ باوكی چارلی چاپلن ده‌نێرێت
K24 - هه‌ولێر:
ده‌زگا رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تی بۆ رێزگرتن له هونه‌رمه‌ندی شانۆكار و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر، ئه‌حمه‌د سالار رێكخست.
له سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی باسی له كه‌سایه‌تیی هونه‌رمه‌نده‌كه كرد و رایگه‌یاند، پێویستە ئەم جۆرە مرۆڤانە هەمیشە لەبەر چاوبن و رێزیان لێ بگیرێت، ئه‌وه‌ی دوێنێش بۆیان نه‌كراوه، ئه‌مڕۆش دره‌نگ نییه بۆیان بكرێت، هونه‌رمه‌ندی وه‌كو مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار و هاوشێوه‌كانی, ره‌مزی تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتنی میلله‌تن.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، ئه‌حمه‌د سالار كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆیشی به‌ناوونیشانی (رۆژان) بڵاو كرده‌وه، كه له‌لایه‌ن ده‌زگای گوڵانه‌وه چاپ كراوه.
له سه‌ره‌تای تۆماركردنی سه‌ربوورده‌كانیشی، بیره‌وه‌ریی سه‌ره‌تای ساڵی حه‌فتاكانی تۆمار كردووه، كه تێیدا شه‌وێكی پاییزی به‌دیار خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی چارلی چاپلن به‌سه‌ر بردووه.
له‌م باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: "نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، ئه‌ده‌ب و هونه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌وانه‌ی پێشوو ئه‌گه‌رته‌نها بیره‌وه‌رییان بۆ جێهێشتبین، كارێكی گه‌لێك مه‌زنه".
هه‌ر له باره‌ی چارلی چاپلنه‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، به خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی له هونه‌ر و په‌یامی هونه‌ر تێگه‌یشتووه و نووسیویه‌تی: "ده‌ك ره‌حمه‌ت له باب و هونه‌رت (چارلی)، چه‌نده بۆ رۆژانی هه‌ژار و بێ كه‌سی و بێ نازیی منداڵییه‌كه‌ی به دڵ گریاندمی، پاشان سه‌د ئه‌وه‌نده گوشاد و گه‌شكه گرتووی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بووم".
ئ. م