بیناسازیی گەڕەكی جووەكان لە ھەڵەبجە جیاوازە
K24 - ھەڵەبجە
گەڕەكی جووەكان لە شاری ھەڵەبجە، كە دەكەوێتە ناوەڕاستی شار، بە یەكێك لە گەڕەكە كۆن و مێژووییەكان ھەژمار دەكرێت. بە ھۆی گرنگی پێنەدان و نەپاراستنی، ئێستا مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە، ھەرچەندە تا ئێستا ھەندێ لە خانووەكان شوێنه‌واری سەدەی ھەژدەیان پێوە دیارە و بیناسازیی ئەو گەڕەكە جیاوازە لەگەڵ گەڕەكەكانی دیكەی ھەڵەبجە و شارەكانی دیكە، بەڵام مەترسیی شێواندنیان لێ دەكرێت.
گەڕەکی جووەکان یەکێکە لە گەڕەکە دێرینەکانی هەڵەبجە، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەهه‌م، خانووەكانی بە جۆرێکی زۆر تایبەت دیزاین کراون، دەرگا و پەنجەرەکانیان لە دار و تەختە دروست كراون، بەرهەیوان و سێ ژوور و حەوشەیەکی فراوانیان هه‌یه، خانووه‌كان لە دەرەوە بە خشت و لە ناوەوە بە بەرد دیزاین کراون، کە تا ئیستاش هەندێ لە خانووەکان شوێنەواریان ماوە.
به وته‌ی بەڕێوبەری شوێنەواری هەڵەبجە، شێوازی دروستکردنی خانووی جووەکانی هەڵەبجە جیاواز بووە لەگەڵ خانووی جووەکانی دیکەی کوردستان، ده‌شڵێت "هەوڵی زۆر دراوە ئەو خانووانە لەسەر هەمان دیزاینی بنه‌ڕه‌تیی خۆیان نۆژەن بکرێنەوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەمان توانیوە".
لە گەڕەکی جووەكانی ھەڵەبجە، چه‌ند ماڵێكی موسڵمانیش هه‌بوونە و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوانیاندا هه‌بووه، به گوێره‌ی ئاماره‌كان، نزیکەی 50 ماڵی جوو له هه‌ڵه‌بجه هه‌بوون، زۆربەیان به پیشه‌ی دروستکردنی شەراب و فرۆشتنی كه‌لوكه‌لوپه‌لی جوانكاریی ئافره‌تانه‌وه خه‌ریك بوون، به‌ڵام له ساڵی 1948هەڵەبجەیان جێ هێشتووە.
ھ.م