عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك ده‌چنه به‌ره‌یه‌كه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك، ده‌سته‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگیی باڵایان پێك هێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نوێنه‌ری هه‌موو حزب و لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركووك.
خالد ده‌حام، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، كه ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی دیاری پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له كه‌ركووك ئاماده‌ی بوون، رایگه‌یاند، ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگیی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو پێك هێنراوه و هه‌موو هێزه سیاسی و لایه‌نه‌كانی پێكهاته‌كه له خۆی ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نوێنه‌ری عه‌ره‌ب له پارێزگاكه.
ده‌حام راشیگه‌یاند، ئه‌و ده‌سته‌یه كار له‌سه‌ر یه‌كخستنی بیروبۆچوون و هه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پرسه جیاوازه‌كانی ئه‌منی، خزمه‌تگوزاری، هه‌ڵبژاردن و ته‌نانه‌ت گفتوگۆ و دانوستانیش له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه ده‌كات.
پارێزگای كه‌ركووك، ئه‌گه‌رچی هه‌ر سێ پێكهاته‌ی كورد، عه‌ره‌ب و توركمانی تێدا ده‌ژی، به‌ڵام زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كورده و ئه‌و شاره كێشه‌ی مێژوویی نێوان نه‌ته‌وه‌ی كورد و حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق بووه.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه و راده‌ستكردنی شاره‌كه به رێككه‌وتنی ژێر به‌ژێری چه‌ند به‌رپرسێك، هێزی پێشمه‌رگه له شاره‌كه كشاوه‌ته‌وه و پارێزگاری هه‌ڵبژێردراوی كه‌ركووكیش، كه كورده، له كاره‌كه‌ی لادراوه.
ئ. م