هاوپه‌یمانی فه‌تح: ئۆپۆزیسیۆن نابێت هه‌وڵی رووخاندنی حكوومه‌ت بدات

ره‌وته‌كه‌ی حه‌كیم ده‌یه‌وێت ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن

K24 - هه‌ولێر:

هاوپەیمانێتی فەتح پێیوایە، هەر کوتلەیەک ببێتە ئۆپۆزیسیۆن دەبێت کار بۆ باشترکردنی حکومەت بکات، نەوەک رووخاندنی.

محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاند: "بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەناو پەرلەمان کارێکی باشه‌، بەڵام بەو مەرجەی کار بۆ باشترکردنی حکومەت بکات، نەوەک هەوڵی رووخاندنی بدات".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هەمووان لە حکومەتدا بەشدارن، بۆیەش دەرچوونی لایەنێک بە ئۆپۆزیسۆن هەژمارناکرێت. کوتلەیەک ناتوانێت کار بۆ رووخاندنی حکومەت بکات، چونکە کوتلە گەورەکان پاڵپشتی لە حکومەت دەکەن".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ حەسەن فەدعەم، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی راگەیاندووە، رەوتەکەی بە نیازە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، لەبەرامبەریشدا سەرۆکوەزیران ئۆپۆزیسیۆن بوونی بە هەنگاوێکی باش داناوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی رەوتی حیکمە هەفتانە کۆدەبنەوە. وەکو رەوتی حیکمە رەتیانکردووەتەوە، هیچ پۆستێک وەرگرن چونکە بڕیاری ئۆپۆزیسیۆن بوونیان داوە.