عه‌فرین ده‌كرێته‌ به‌شێك له‌ خاكی توركیا

خەڵكی چەند گوندێك دەربەدەر كراون
kurdistan24.net

K24 - شەھبا

سوپای توركیا ده‌ستی به‌ دروستكردنی دیوارێك له‌ ده‌وروبه‌ری شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان كردووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ دابڕاندنی عه‌فرینە له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌، بۆ دروستكردنی دیواره‌كه‌ش، هێزه‌كانی توركیا خانووی ژماره‌یه‌ك گوندنشینیان رووخاندووه‌.

كوردستان24 وەك یەكەم میدیا لە نزیكەوە دیمەن و زانیارییەكانی دروستكردنی ئەو دیوارە دەخاتەڕوو. لە گوندەكانی جلبر و كیمار لە سنووری عەفرین، بۆ دروستكردنی ئەو دیوارە، خانوو و باخی زەیتوون رادەماڵرێن و به‌م هۆیه‌وه‌ بەشێك لە گوندنشیان ئاوارە بوونە.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی جلبر بە كوردستان24ی گوت: "لە گوندەكەی خۆمان دەربەدەر كراوین و زەیتوونەكانمان لەناوبراون، لەوێ دیوار دروست دەكرێت".

بەپێی بەدواداچوونی كوردستان24، بە دروستكردنی ئەو دیوارە، بەشێك لە خاكی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا دادەبڕێنرێت.

ھەدیە یوسف، ئەندامی ھەڤڕێزی كۆنگرەی ستار، بە كوردستان24ی راگەیاند: "دروستكردنی دیوارێك لەنێوان عەفرین و شەھبا چەند مانایەكی ھەیە، یەكێك لەوانە، ویستی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی لە رێگەی ئەو دیوارەوه‌ رەوایەتیی بداتە داگیركردنی عەفرین، ئه‌مه‌و بێ ئەوەی كەس دەنگ بكات".

لە ھەرێمی شەھبا و لە نزیك ئەو شوێنەی كە توركیا دیواری لێ دروست دەكات، ھێزەكانی سەر بە رژێمی سووریا و رووسیا ھەن و بە بەرچاوی ئەوانه‌وه‌ دیوارەكە دروست دەكرێت، بەڵام ئەوان تەنیا تەماشاكارن و ھیچ ھەڵوێستێكیان نییە.

ھ.م