داھاتی نەوتی عێراق لە مانگێكدا زیاتر لە 6 ملیار دۆلاره‌

"زیاتر لە 101 ملیۆن و 387 ھەزار بەرمیل نەوت بووە"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە شەش ملیار دۆلار قازانجی نەوتی بەدەست ھێناوە.

عاسم جیھاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "بە گوێرەی داتا سەرەتاییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ، كۆی گشتیی ھەناردەكانی عێراق لە نەوتی خاودا بۆ مانگی رابردوو، گەیشتووەتە زیاتر لە 101 ملیۆن و 387 ھەزار و 615 بەرمیل نەوت، بە داھاتێك، كە دەكاتە زیاتر لە شەش ملیار و 167 ملیۆن و 815 ھەزار دۆلار.
جیھاد راشیگەیاند، كۆی ئەو بڕە نەوتە خاوەی، كە مانگی رابردوو لە كێڵگە نەوتییەكانی نێوەڕاست و باشووری عێراق ھەناردە كراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 99 ملیۆن و 120 ھەزار بەرمیل، دەربارەی كێلگەكانی كەركووكیش، بڕی ھەناردەكراو گەیشتووەتە ملیۆنێك و 753 ھەزار و 373 بەرمیل و هی كێلگەی گەییاڕە گەیشتووەتە 514 ھەزار و 236 بەرمیل و تێكڕای نرخی ھەر بەرمیلێك بە زیاتر لە 60 دۆلار بووە.

ھ.م