ژنان داوای رۆڵگێڕانی زیاتر له‌ كابینه‌ی نوێدا ده‌كه‌ن  

گرووپێکی باڵانسی جێندەریان پێکھێناوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

کۆمەڵێك له‌ ژنانی چالاکوانی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و لایەنە سیاسيیەکان، گرووپێکی باڵانسی جێندەریان پێکھێناوە تا لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێم پۆستی ئیداری و سیاسی کاریگەریيان پێبدرێت.

ئه‌و گرووپه‌ داواشیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە تا ژنان بە رێژەی یاسایی خۆیان بەشداربن, بڕیاریشیان داوە کە ھەڵویستی  کاریگەریيان ھەبێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافەکانیان.

ئاشکراکردنی بەشێك لە کاندیدانی لایەنە سیاسيیەکانی بەشداربووی كابینه‌ی داھاتووی حكوومه‌تی ھەرێمی کوردستان بۆ پۆستە وەزاریيەکان, نیگەرانی زۆری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی مافەکانی ژنان لێکەوتەوە. چونکە رێژەیەکی زۆر کەم لە ژنان دیاریکراون, ھەربۆیە لە ماوەیەکی کورتدا گرووپێکیان پێکھێنا بە ناوی باڵانسی جێندەری کە داواکاریان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و جەخت دەکەنەوە کە لە 30% پۆستەکان بۆ ژنان دیاریبکرێت.

ھەرچەندە حزبە سیاسيیەکان ژنانیان کاندید کردووە  بە رێژەی کەمتر لە 30% به‌ڵام ژنانی چالاکوان پێیانوایە ئەو رێژەیە لە ئاستی خواستەکانیان نیيە، بەتایبەتی دەیانەوێت کاندیدەکان لەسەر ئاستی مەکتەب سیاسيیەکان و دەسەڵاتی دادوەریش بێت کە وەك خۆیان دەڵێن ژنان لەو دوو ناوەندەدا رۆڵی گەورەیان نيیە, بۆیە داوادەکەن ژنان خۆیان داکۆکیکاری گەورەی دەستەبەری مافەکانیانبن و ھەڵوێستی جددی بنوێنن.

زۆرێك لە توێژینەوەکان  سەلماندوویانە کە لە رووی ئاشتەوایی و رووبەرووبوونەوەی  گەندەڵی لە پۆستە ئیداری و باڵاکاندا ژنان دەستکەوتی زیاتریان ھەیە و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن لای ژنان جیاوازترە, ھەربۆیە نەبوونی کاندیدی ژن لە پۆستە گرنگەکانی حکوومەتی داھاتوو بە کەلێن و کەموکورتی ناودەبەن و داواکاریشن لەکابینەی نوێی حکوومەت جیاوازتر لە کابینەکانی پێشوو، گرنگی بە تواناکانی ژنان لە پۆستە وزاری و باڵاكان بدرێت.

ئ. م