لەبارەی زیادبوونی ماددەی ھۆشبەر لە كەركووك ھۆشداری دەدرێت

لە ماوەی سێ مانگدا 60 كەس دەستگیر كراون
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

کێشان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر لە کەرکووک روو لە ھەڵکشانە، زۆرترین خواستیش لەسەر ماددەی کریستاڵە، قوتابخانە و کافتریاكان دوو شوێنی ساخکردنەوەی ئەو ماددانەن. رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و توێژەرانی بوارەکە،  ھۆشداری تەشەنەسەندنی زیاتری ئەو ماددانە دەدەن و بەرپرسی بەشی ماددە ھۆشبەرەکانیش دەڵێت "رێگاکان بۆ ھاوردەکردنی ئەو ماددانە کراوەن".

لەبارەی زیادبوونی رێژەی بەكارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە كەركووك دالیا سوبحی، توێژەری کۆمەڵایەتی بە كوردستان24ی گوت: "لە قۆناخی ئامادەیی قوتابخانەكان ماددەی ھۆشبەر بڵاوبووەتەوە و دەیكەنە ناو لەفە و دەیدەن بە كچەكان، ئێستا لە قوتابخانەكانی قۆناخی بنەڕەتیش ھەیە".

ئەو توێژەرەی كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو ماددە ھۆشبەرانە كە لە قوتابخانەكان ھەیە لە شێوەی جێڵە و منداڵەكان نازانن چییە و دەیخۆن".

د. سەڵاح عوبەیدی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە زانکۆی کەرکووك دەڵێ: "بەداخەوە حاڵەتمان ھەبووە لە كەركووك كەسێك لە كاتی بێھۆشیدا ویستویەتی سێكس لەگەڵ دایك و خوشكی ئەنجامبدات".

ھاوكات عەقید ھوما رەئوف، بەرپرسی بەشی مادەی ھۆشبەر لە کەرکووک پەرەسەندنی ماددەی ھۆشبەری لە كەركووك بۆ كوردستان24 پشتڕاست كردەوە و گوتی: "لەم ماوەیە ماددەی ھۆشبەر زیاتر پەرەی سەندووە، دەبێ ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی خۆیان ھەڵسن و دەرگاكانی ھێنانی ئەو مادانە بۆ كەركووك دابخرێن. بەداخەوە رێگاكان بۆ ھێنانی ئەو مادانە كراوەن".

گوتیشی: "ھەم حاڵەتی بازرگانیكردن و ھەمیش كێشانی ماددە ھۆشبەرەكان لە كەركووك بەربڵاوە، لە نێو ئەو مادانەدا ئێستا ماددەی كریستاڵ لە كەركووك خواستی زیاتری لەسەرە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 تەنیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک 60 کەسیان بە تۆمەتی کێشان و ھێنانی مادەی ھۆشبەر دەستگیرکردووە کە 20 كەسیان بازرگان بوونە و دوای لێکۆڵینەوە لە گەڵیاندا دەرکەوتووە، بە پشتگیری و پاڵپشتی بەرپرسانی باڵا ئەو کارە دەکەن.

ھ.م