"ئاماژه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی بواری رۆژنامه‌گه‌ریی بۆ پێش 2003 له عێراق ده‌ركه‌وتوون"
K24 - هه‌ولێر:
روانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند: "ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له عێراق رووبه‌ڕووی له‌مپه‌ری زیاتر بووه‌ته‌وه و ئه‌و ره‌شنووس و یاسایانه‌شی بۆ ئه‌و بواره دانراون ده‌مانگێرنه‌وه بۆ ساڵانی پێش 2003".
رۆژی هه‌ینی، روانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "له چاره‌گی یه‌كه‌می ساڵی 2019 دا 10 پێشێلكاری و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر رۆژنامه‌وانان و میدیا ناوخۆییه‌كان روویانداوه، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره له وڵات‌دا له كاتێكدا پێویست بووه له سه‌رده‌می رژێمێكی دیكتاتۆرییه‌وه بپه‌ڕینه‌وه بۆ سیستمێكی دیموكراسی".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، یاسای مافی رۆژنامه‌وانان كه ساڵی 2011 بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، هێشتا پێویستی به هه‌مواركردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی باشی یاساكه‌یه، ئه‌و ره‌شنووسانه‌شی بۆ ئه‌و بواره ئاماده‌كراون، نابێت به‌و جۆره‌ی هه‌ن بڕیاریان له‌سه‌ر بدرێت، چونكه ئه‌وه نابیته هۆی رێكخستنی بواره‌كه و ته‌نها گرێی زیاتری تێده‌خات".
ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، كوتله‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م یاسای مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیارییه‌كان و ته‌نها ده‌یانه‌وێت له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌می زیاد بكه‌ن نه‌ك رێكیبخه‌ن.
هه‌روه‌ها ده‌ڵین: "هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منییه‌كان هێشتا وه‌ك دوژمن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانان ده‌كه‌ن نه‌ك هاوبه‌ش له بونیادنانی سیستمی دیموكراسیدا".
روانگه‌ی عێراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ داوا له عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات، پارێزگاریی له رۆژنامه‌نووسان و كارمه‌ندانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بكرێت و رێگه نه‌درێت كه‌لێنی پێشێلكارییه‌كان له دژی رۆژنامه‌نووسان فراوانتر ببێت.
هه‌روه‌ها داوایان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه، به ده‌ركردنی یاسایه‌ك مافی رۆژنامه‌نووسان بپارێزن و پارێزگاریی له كاری ئازادانه‌یان بكه‌ن، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ رێككه‌وتننامه‌كاندا كه چه‌ندین پابه‌ندبوونی له‌سه‌ر عێراق سه‌پاندووه بگونجێن".