لە ھەولێر سێ تۆمەتبار دەستگیر كران
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد، سێ تۆمەتباریان دەستگیر كردووە و یەكێك لە تۆمەتبارەكان دوای ئاڵودەبوون بە ماددەی ھۆشبەر تاوانی كوشتنی ئەنجامداوە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سێ تۆمەتبار لەلایەن ھێزەكانمان دەستگیر كراون، یەكێك لەو تۆمەتبارانە ئاڵودە بووە بە ماددەی ھۆشبەر و تووشی نەخۆشی دەروونی بووە و دواتر دایكی خۆی كوشتووە، ھەردوو تۆمەتبارەكەی دیكەش تاوانی كوشتنیان ئەنجامداوە، ھەرسێكیان دراونەتە دادگا و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدرێن".
گوتیشی: "بە گشتی ئەنجامدانی تاوان لەناو ھەولێر بەرێژەیەكی زۆر كەمبووەتەوە، لەبەر ئەوەیە كە ئیجرائاتەكان زۆر بوونە و دەتوانم بڵێم لە 98% پەڕاوی لێكۆڵینەوەكان كۆتاییان ھاتووە، تەنھا ئەو تاوانبارانە دەستگیر نەكراون كە لەبەر دەست نین، ھەماھەنگی لەگەڵ شارەكانی دیكە دەكەین ئەگەر تاوانبارێك لە ھەولێر بۆ ھەر شارێكی دیكە ھەڵاتووە رادەست بكرێت".
ھ.م