"كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێم كابینه‌ی هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌ ناوازه‌كانه‌"

یەکێتی بەڵێنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پارتی و گۆڕان دەدات

K24 - هه‌ولێر:

یەکێتی دڵنیایی دەداته‌ پارتی و گۆران لە بارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە بە کوردستان 24ـی راگه‌یاند: "لە کابینەی داهاتوودا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بە تەواوی یەک دەگرنەوە و بە نیشتیمانی دەکرێن".

پێشتریش بریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا پڕۆژەیەکیان بۆ چاکسازیی لە هێزەکانی پیشمەرگەدا خستبووەڕوو، سەرکونسڵی گشتیی بریتانیاش داوا دەکات زوو کابینەی نوێ پێک بێت و بە کابینەی هەلە ناوازەکان ناوی دەبات، تا پێشمەرگە یەک بخاتەوە.

یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، پرسی یەکخستنەوە و بە نیشتیمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، ئەو پرسەی کە نیوەی وەڵامەکەی لای یەکێتییە و تا لەکاتی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیشدا بە هیچ شێوەیەک باس نەکرا، ئێستا کە هێزە هاوپەیمانەکان پرۆگرامێکیان بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنی پێشمەرگە هەیە، سەرکردەیەکی یەکێتی باس لەوە دەکات، کە پرۆگرامەکە لە کابینەی داهاتوودا جێبەجێکردنی تەواو دەبێت و بە ئەنجام دەگات.

بریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا پێکەوە سەرپەرشتی پرۆگرامی چاکسازیی پێشمەرگە دەکەن، وەک سەرکونسڵی گشتیی بریتانیاش گوتی، ئەنجامدانی چاکسازیی پێویستی بە خێرا پێکهێنانی حکوومەتەوه‌ هه‌یه‌.

سه‌رکونسڵی گشتیی بریتانیا لە هەرێمی کوردستاندا ده‌ڵێت: "پێویستە حکوومەت بە زوویی پێک بێت، حكوومەت واتە حوکمڕانی و خزمەتکردن، نابێ لەمە زیاتر کات بە فیڕۆ بدرێت، ئێمە وەک بریتانیا تەنها ئەوەمان پێ دەکرێت ئامۆژگاریی لایەنە کوردستانییەکان بکەین بۆ ئەوەی ئەم پرسە خێرا تەواو بکرێت، ئەم کابینەیە هەلی ناوازەی تیادا دەبێت و فرسەتی گرنگ دەخاتە بەردەم گەلی کوردستانەوە، تاکو چاکسازیی لە حکوومەت و لە پێشمەرگەشدا بە ئەنجام بگات".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمە پاڵپشتیی بەڕێوبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین و لە حکوومەتی داهاتووشدا بە ئامانجی یەکخستنەوە و ریفۆرم لە هەموو بوارەکاندا، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیمان بۆ ئەو پرۆگرامە، لەم پرسەشدا کابینەی داهاتوو ئەرکیەتی کارەکان خێراتر بەڕێوە ببات".

پێدەچێت هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ لەبەردەم یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بێت، چونکە پڕۆژەکەی هاوپەیمانان بۆ چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کە لە 35 هەنگاو پێک دێت، تا ئێستا تەنها 13 هەنگاوی جێبەجێ کراوە.