حەوت منداڵی داعش لە ھەولێرەوە ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه سوید
K24 - ھەولێر
حەوت منداڵی سویدی، کە دایک و باوکیان چه‌كداری داعش بوون، لە شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی باغۆز له سووریا کوژراون، ماوه‌یه‌ك به‌بێ سه‌رپه‌رشت له كه‌مپی هۆل له رۆژئاوای كوردستان ماونه‌ته‌وه، ئێستاش باپیره‌ی منداڵه‌كان له سویده‌وه هاتووەته هه‌رێمی كوردستان به نیازه دوای ته‌واوكردنی رێكاره یاساییه‌كان نه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رێته‌وه وڵاته‌كه‌ی.
پاتریسیۆ گاڵبێس، پیاوێکی سویدییە ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ گەشت نا، ھاتووە سه‌رپه‌رشتی 7 منداڵ بکات، کە نەوەی ئەون و چەند ساڵێک لەگەڵ دایک و باوکیان لە ناو چه‌كدارانی داعش بوون لە سووریا.
چیرۆكی سه‌رگه‌ردان بوونی نه‌وه‌كانی کاتێک دەستیپێکرد، كه مایکڵی زاوای لەساڵی 2014 پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەوە كرد و لەگەڵ خێزان و 4 منداڵەکەی روویان لە سووریا کرد. دواتر له سووریا سێ منداڵی دیكەیان بوو، تا لە کۆتایی شەڕی داعش لە باغۆز، مایکڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ی كوژران و حه‌وت منداڵه‌كه‌شیان ماوەیەکی زۆرە لە کەمپی ھۆل لە حەسەکەی رۆژاوای کوردستان ماونەتەوە، دوای ته‌واوكردنی رێکارە یاساییه‌کان شه‌وی چوارشه‌ممەی رابردوو منداڵەکان ھێنرانەوە باشووری کوردستان.
پاتریسیۆ، باپیری منداڵەکان چیرۆکی بە داعش بوونی کچەکەیی و رۆشتنی بۆ سووریا دەگێڕتەوە.
پاتریسیۆ گالێس، بە كوردستان24ی گوت: "باپیری ئەو 7 منداڵەم کە بەرەگەز سویدین و لە کەمپی ئەلھۆل بوون. دایکی ئەو منداڵانە کچی من بوو، لە ساڵی 2008 بووەتە موسوڵمان و شووی بە کوڕێک کرد و چوار منداڵیان ھەبوو، ھاتن بۆ سووریا. ھیچیان بە من نەگوتووە و دوای 3 مانگ منیان ئاگادار کردەوە و بە تەلەفۆن پێی گوتم کە چووەتە ناو داعش".
منداڵەکان ئێستا پشکنینه پزیشکیه‌كانیان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیا بوونەوە لە تەندروستیان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی سوید لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی منداڵەکان بە سەلامەتی بگەڕێنرێنەوە سوید.
باپیری منداڵەکان دەڵێت چەند جارێک پێم گوتون خۆییان رادەستی ھێزە کوردییەکان بکەن، بۆ ئەوەی پارێزراوبن. ئێستاش سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ده‌كات، به‌رامبه‌ر به‌و هاوكاریی و ئاسانكارییه‌ی ده‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌وه سوید.
دەشڵێت: "دوایی چوونمان بۆ باغۆز و مانگی ئاداری ئەمساڵ باوکیان و کچەکەم لە باغۆز کوژراون منداڵەکانی بە تەنیا مانەوە. چەند جارێک پێم گوتن کە خۆیان رادەستی ھێزە کوردییەکان بکەن. زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەماھەنگی حکوومەتی سوید دەکەم کە ھاوکارم بوون. ئێستا منداڵەکان لەلای منن و ئامادەکاری دەکەم بۆئەوەی بیانبەمەوە بۆ سوید".
منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان یەک ساڵ تا 12 ساڵ دایە و سێ له منداڵه‌كان، لەبەر ئەوەی لە سووریا لە دایکبون هه‌ڵگری ھیچ ناسنامەیه‌ک نین، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوای تەواو کردنی رێکارەکانی ده‌ركردنی ناسنامه‌وه، ره‌وانه‌ی سوید بكرێنه‌وه.
ھ.م