دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم دەكرێتەوە

چه‌ند حزب كاندیدیان بۆ پۆسته‌كه‌ ده‌بێت؟
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ھەفتەی داھاتوو دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكرێتەوە، كۆمەڵی ئیسلامی كە ھێشتا چوونە نێو حكوومەت یەكلانەكراوەتەوە لە رۆژانی داھاتوودا بڕیاردەدات ئاخۆ كاندیدی ھەبێت بۆ ئەو پۆستە یاخود نا، حزبەكانی دیكەش ھەندێكیان رایانگەیاندووە كە كاندیدیان نابێت، ھەندێكی دیكەش جارێ بێدەنگن، بەتەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دیاریكردووە كە نێچیرڤان بارزانییە.

دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كارا كرایەوە، ئێستا كات كاتی حزبە سیاسییەكانە تا كاندیدەكانی خۆیان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكەن، ھەفتەی داھاتووش دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەكرێتەوە، كۆمەڵی ئیسلامی وەك حزبێك كە ھێشتا چوونە نێو حكومەتی یەكلانەكراوەتەوە، لە رۆژانی داھاتوودا بڕیاردەدات كاندیدیان ھەبێت یاخود نا.

پارتی پشتر كاندیدی خۆی بۆ پپۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاشكراكردووە، كە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی ئەو حزبەیە، بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕانیش دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان دوای ھەمواركردنەوەی كارا كرایەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە یەكێتی و گۆڕان كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە نابێت.

حزبی شیوعی كوردستانيش, كه‌ هه‌ر ئۆپۆزسیۆنبوونی ھەڵبژاردووە، ئامادە نییە ھیچ كەسێك بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات.

بەگوێرەی رێكارە یاساییەكان سەرۆكی ھەرێم لەماوەی 10 رۆژی داھاتوودا ھەڵدەبژێردرێت،  ئەمەش دوای ئەوەی لە پەرلەمان متمانەی پێدەدرێت، ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمیش بە زۆرینەی دەنگ واتا 56 دەنگ ھەڵدەبژێردرێت.

ئ. م