ده‌یان خێزانی چه‌كدارانی داعش له‌ ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ناوێرن له‌ كه‌مپه‌كان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌

منداڵه‌كانیش به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمییان نییه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

دوای دەستگیرکردن یاخود کوشتنی هاوسەرەکانیان و لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی خەڵک دەیان ژن و منداڵی چەکداری داعش روویان لە کەمپی ئاوارەکان کردووە، یەکێک لەو ئافرەتانەی شووی بە داعشێکی ئەمریکیی کردووە بە کوردستان 24 ی راگه‌یاند، نە دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ مووسڵ و نە دەشتوانێ بچێتە دەرەوەی کەمپ، چونکە خەڵک پێیدەڵێن هاوسەری چەکدارە موهاجیرەکە.

هاوکات هاوسەری چەکدارێکی کوژراوی داعشیش دەڵێت: "جیا لەوەی لە گەڕانەوە بێبەشين منداڵەکانیشمان مافی خوێندنیان نییە، چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیان نەدراوەتێ".

مەنال هاوسەری یەکێکە لە چەکدارە بیانییەکانی نێو داعش، دوای هاتنی داعش و جیابوونەوەی لە هاوسەری یەکەمی، هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی ئەمریکی نێو داعش کردووە، ئەو بەبێئومێدییەوە دەڕوانێتە داهاتووی منداڵەکانی، چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە بیانبەستێتەوە بە عێراق و ئەمریکاش.

مه‌نال یونس، یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی چه‌كدارێكی داعش بووه‌، ئه‌و بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: "له‌ هاوسەری یەکەمم سێ کوڕ و کچێکم لێی هەیە و هاوسەری دووەمیشم کچێك، هاوسەری یەکەمم جێیهێشتم دواتر کە داعش هاتە مووسڵ شوم بە چەکدارێکی ئەمریکی نێو داعش کرد، ناچار بووم، کەسم نەبوو منداڵەکانم بەخێو بکات، هاوسەرە ئەمریکییەکەم لای داعش مەلا بوو، ئەو ئیستا دەستگیرکراوە و حوکمدراوە ، سەرەتا لە گەڕەکی حەدبا نیشتەجێ بووین دواتر چووینە باب تۆب، منداڵەکانم هیچیان بەڵگەنامەیان نییە، ئەمە بۆ من کێشەیەکی زۆر گەورەیە چونکە ناتوانم بیانخەمە بەر خوێندن، ناشتوانن سودمەند بن لە هیچ هاوکارییەک".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "من ئێستا ناتوانم بگەڕێمەوە موسڵیش چونکە لەوێ دەکوژرێم ، خەڵک تۆڵە لە من دەکەنەوە و دەڵێن ئەو هاوسەری چەکدارێکی موهاجیر بووە".

تەنها مەنال نییە کە باجی هەڵەی هاوسەرەکەی دەدات، ساکینە هاوسەری چەکدارێکی عێراقییە، ئەو لە بنەرەتدا سوورییە و دۆخی ئێستاشی بە جۆرێکە کە منداڵەکانی نە سوورین و نە عێراقی.

لە کەمپی حەسەن شام، دەیان خێزانی چەکدارانی داعش داڵدەدراون و لە هێرش و تۆڵەکردنەوەی خەڵک دەپارێزرێن، زۆربەی خێزانەکانى نیشته‌جێی كه‌مپه‌كه‌، خێزانی ئەو چەکدارانەی داعشن کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە شەڕەکاندا کوژراون، هاوژین و منداڵەکانیشیان بوونەتە قوربانی و ئاوارە و دەربەدەربوونە.

ئ. م