سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی توركیا ده‌كات

له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ویسل ئارئۆغڵۆ، نێرده‌ی نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا بۆ كاروباری عێراق رایگه‌یاند: "رۆژی 15/5/2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی توركیا ده‌كات".

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆی توركی، له‌میانی میوانداریكردنی نوێنه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیادا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌وه‌، باسی له‌ چه‌ند پێشنیازێكی په‌یوه‌ست به‌ كێشه‌ هه‌ڵپسێردراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاوی عێراقی كردووه‌ و گوتوویه‌تی: "له‌و بواره‌دا كاری زۆر گرنگمان ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌ عێراق دراوسێمانه‌ و له‌ بواری ئاو و وزه‌دا كاری گرنگمان ئه‌نجامداوه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌شدا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی توركیا ده‌كات و له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا باسی پرسه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات ده‌كه‌ن".

ئارئۆغڵو گوتوویه‌تی: "پێموایه‌ تا ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان له‌ به‌رده‌مدا ماوه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌ت و پێشكه‌شی سه‌رۆك كۆماری بكه‌ین تا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكه‌ن".