سەرۆك بارزانی: وەكیل مستەفاییڤ تێكۆشەرێكی گەورەی كوورد بوو

سه‌رۆك بارزانی پێشوازیی له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ركرده‌ی كورده‌كانی قه‌فقاز ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك بارزانی، وەكیل مستەفاییڤ، سه‌ركرده‌ی كورده‌كانی قه‌فقاز بە تێكۆشەرێكی گەورەی كورد و خودان هەڵوێست ناوزەد ده‌كات و ڕایگەیاند: "هەر كەسێك خزمەتی گەلی خۆی كردبێت و لەناو دڵی میللەتەكەیدا بێت، بۆ هەمیشە بە نەمریی دەمێنێتەوە".

ئه‌مڕۆ یەكشەممە 12/5/2019، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە خێزان و كەسوكاری سیاسەتمەدار و سەركردەی كوردانی قەفقاز، خوالێخۆشبوو وەكیل مستەفاییڤ كرد و بە بۆنەی كۆچی دوایی ناوبراو، سەرەخۆشیی و هاوخەمیی خۆی بە خێزان و كەسوكاری خوالێخۆشبوو گەیاند.

لە دیدارەكه‌دا خێزانی وەكیل مستەفاییڤ سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ پێشوازیكردن و بایەخدان بە خوالێخۆشبوو و بەخاكسپاردنی تەرمی مستەفاییڤ لە كوردستان، كە خاكەكەی بە خوێنی شەهیدان ئاو دراوە. هەروەها سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیان بە جێگەی ئومێد بۆ هەموو كوردانی جیهان وەسف كرد.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە و ئەو وڵاتە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و بە خوێنی شەهیدانیش دەپارێزرێت.

دیداری سه‌رۆك بارزانی و خانه‌واده‌ی وه‌كیل مسته‌فاییڤ
دیداری سه‌رۆك بارزانی و خانه‌واده‌ی وه‌كیل مسته‌فاییڤ

 رۆژی هه‌ینی 10ی ئایار/ مایۆی 2019، له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی، ته‌رمی وه‌كیل موسته‌فاییڤ، سه‌رۆككۆماری كۆچكردووی كوردستانی سوور، له‌ رێوڕه‌سمێكدا، له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به‌خاك سپێردرا.

وه‌كیل موسته‌فاییڤ له‌ ساڵی 1934 له‌دایكبووه‌ و سه‌رۆكی كۆماری كوردستانی سوور بوو، له‌ 19ی نیسانی رابردوو، له‌ برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا كۆچی دوایی كرد.

كۆماری كوردستانی سوور، پێشتر دووجاری دیكه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام هه‌ردوو جاره‌كه‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی دژایه‌تكیردنی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، بۆ جاری سێیه‌م، وه‌كیل موسته‌فاییڤ، له‌ ساڵی 1991 به‌ ناوی كۆماری لاچینی كوردی دایمه‌زرانده‌وه‌.

به‌ هۆی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی ئه‌رمینیا له‌ ساڵی 1992، كۆماره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌ره‌و ئیتاڵیا كۆچی كرد و له‌وێ وه‌كو په‌نابه‌رێكی سیاسی مایه‌وه‌، سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێستاش رووی كرده‌ به‌لجیكا و تا كۆچی دوایی كرد، له‌وێ مایه‌وه‌.

رۆژی هه‌ینی رابردووش له‌ رێوڕه‌سمێكدا، ته‌رمی وه‌كیل موسته‌فاییڤ، سه‌رۆككۆماری كوردستانی سوور، له‌ گۆڕستانی شێخ ئه‌حمه‌دی‌ شاری هه‌ولێر، به‌خاك سپێردرا.