كڵێسای رۆژهه‌ڵاتی ئاشووری ستایشی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان بەرز نرخێندرا

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای كڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان بە سەرۆكایەتیی قەداسەتی پاتریارك مار گورگیسی سێیەم، سڵێوە، پاتریاركی كڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و ژمارەیەك لە مەترانەكانی كڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری لە وڵاتانی ئەمەریكا، كەنەدا، ئەوروپا، ئۆسترالیا، نیوزلاندا، هیندستان، ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و جیهان، هەڕەشەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر لەسەر ئاسایشی جیهان و ئایندەی مرۆڤایەتی، ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لەسەر كاركردنی هەموو لایەك بۆ قووڵكردنەوەی برایەتی و مرۆڤسالاری لە ئاستی جیهانی و لە نێوان ئایینەكاندا كرایەوە.

لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا، فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان بەرز نرخێندرا و شاندی میوان، سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد، كە ڕۆڵی گەورەی لە پاراستنی پێكهاتەكان و پەرەپێدانی برایەتی و پێكەوەژیان له‌ كوردستاندا بینیووه‌.

ئ. م