سه‌رۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بنكه‌ی لالش راگه‌یاند

هیواخوازه‌ ئێزدییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆیان

K24 - هه‌ولێر:

له‌ پیرۆزبایینامه‌یه‌كدا بۆ سەرۆك و ئەندامانی دەستەی باڵا، سه‌رۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی راده‌گه‌یێنێت و پیرۆزبایی بیست و شەش ساڵەی دامەزراندنی بنكەی لالش، له‌ ئەندام و كادیرانی و سه‌جه‌م ئێزیدییه‌كان ده‌كات و دەستخۆشیی لە هەوڵ و ماندووبوونیان دەكات بۆ كاركردن و پەرەپێدانی چالاكیی كۆمەڵایەتی و كولتووری و خزمەتكردنی خوشك و برایانی ئێزدی.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12/5/2015، سه‌رۆك بارزانی بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی باڵای بنكه‌ی لالش كردووه‌، هیوای سەركەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستوون لە ئەرك و كارەكانیاندا و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ راگه‌یاندوون.

 هه‌روه‌ها ئومێدی ئاسوودەیی و ئارامی و گەڕانەوەی هەموو خوشك و برایانی ئێزدی بۆسەر ژیانی ئاسایی خۆیان دەخوازێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی دەستەی باڵای بنكەی لالش

بەبۆنەی بیست و شەش ساڵەی دامەزراندنی بنكەی لالش پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و كادیرانی بنكەی لالش و هەموو خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەم. دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم بۆ كاركردن و پەرەپێدانی چالاكیی كۆمەڵایەتی و كولتووری و خزمەتكردنی خوشك و برایانی ئێزیدی.

بەم بۆنەوە هیوای سەركەوتن و بەردەوامییتان بۆ دەخوازم لە ئەرك و كارەكانتاندا و پشتیوانیی تەواوی خۆم بۆ ئێوەی بەڕێز ڕادەگەیێنم. ئومێدی ئاسوودەیی و ئارامی و گەڕانەوەی هەموو خوشك و برایانی ئێزیدی بۆسەر ژیانی ئاسایی خۆیان دەخوازم.

هەر سەركەوتوو بن و بمێنن بەخێر و خۆشی

مسعود بارزانی

12/5/2019