له‌ 45 ساڵیادی شه‌هیدكردن له‌یلا قاسم و هاوڕێكانیدا

ئەشکەنجە و ئازاری وەحشییانەی جەلادەکانی بەعس نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی پەشیمان بكه‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

45 ساڵ لەمەوبەر، لە 12ی ئایاری 1974، کچە کوردێکی قارەمان، كه‌ تەنیا لەبەر کوردبوون و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی، لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە لەسێدارە درا و دواتر بە بووکی کوردستان ناوی دەرکرد، ئەو قارەمانە شەھید لەیلا قاسمە.

لەیلا قاسم حەسەن، ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و کوردپەروەر لەدایک بووە. ساڵی 1958 چووەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەره‌تایی و ناوەندی لە خانەقین تەواو کردووە.

لەیلا قاسم ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و ھەر ھەمان ساڵیش لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە بەغدا دەست بە خەبات دەکات.

لەیلا كه‌ ھەر لە منداڵییەوە ھەژاریی و نەداریی زۆری چەشتووە، زوڵم و زۆرداریی رژێمی عێراقیش لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازی و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافی نەتەوەکەی، لە دڵیدا دروست کردووە.

لە ئاداری 1974 و داوی دەستپێکردنەوەی ھێرشەکانی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان. لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی، له‌ به‌غدا دەستگیر دەکرێن.

لەیلا نموونەی کچێکی چەلەنگ و چاونەترس بوو، ئەشکەنجە و ئازاری وەحشییانەی جەلادەکانی بەعس، نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی پەشیمان بكه‌نه‌وه‌.

لەیلا قاسم بە جلە کوردییەکانیەوە و بە وتنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، دەچێتە بەردەم پەتی سێدارە.

لەدوا ساتەکانی ژیانیدا بە جەلادەکانی بەعس دەڵێ: "دوای لەسێدارەدانی من، ھەزاران کورد وشیار دەبنەوە. زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای رێی رزگاری کوردستان دەکەم".

لەیلا دەڵێ: "بەم جلە کوردییانەمەوە دەبمە بووکی کوردستان".

رۆژی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی بە ناوەکانی: جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان، لەسێدارە دران.

کەمن ئەو کەسانەی دوای مردنیان ژیانی راستەقینەیان دەست پێ بکات. چاونەترسیی و چیرۆکی ژیان و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی شەھید لەیلا قاسم، بوونە ھۆی گەشانەوەی کوانووی ھەستی نەتەوەیی ھەزاران لاوی کورد.

چاونەترسیی لەیلا و ھەڵوێستەکانی لەبەردەم پەتی سێدارەداو دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێناوە و ھەزاران کێژۆڵەی کورد، لە ھەرچوار پارچەی کوردستان، بە ناوی لەیلاوە ناو نران.

لەیلا قاسم بووەتە ناوێکی دیار لەناو چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی کورددا.

ھێمنی شاعیر بۆ لەیلای قارەمان دەڵێ:

کـە تۆ تۆرای لە چاوم وەك خەوی مـن 

لـە بسـکـت رەشـترە مـانگەشـەوی مـن

بڕۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە

کـە نـاوبـانـگی پـتر رۆیــی ئەوی من

بـزەی ھـاتـێ، وـتی جـەلادی خوێڕی!   

بـە کـەیفـی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم

ئــەوە پـەت نـییە مــیدالـی ئـیـفـتـخـارە          

کـە بــوومـە قـارەمــانی مـیللەتـی خۆم