داعش سه‌رانه له خه‌ڵكی مه‌خموور وه‌رده‌گرێت
K24- هه‌ولێر:
لەگەڵ ھاتنی وەرزی دروێنە و كۆكردنه‌وه‌ی به‌روبوومی دانه‌وێڵه، داعش لە سنووری قەزای مەخموور، داوای سەرانە لە خەڵك دەكات و ھەڕەشەشیان لێ دەكات، ئەگەر پێیان نەدەن، ئه‌وا دەغڵ و دانەكانیان دەسووتێنێت، بۆیە ژمارەیەك جووتیاری ئەو سنوورە، یاداشتێكیان ئاراستەی ھەردوو لێژنەی كشتوكاڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان كردووه، ئەوانیش بەڵێنیان پێداون تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لەو سنوورە زیاتر بكەن و لە رۆژانی داھاتووشدا سەردانیان بكەن، تا لە نزیكەوە دۆخەكە ببینن.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ژمارەیەك جووتیاری سنووری قەزای مەخموور، سه‌ردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردووه. ناسح ڕەحمان یەكێك لە جووتیارەكانە، ئەو و ھاوپیشەكانی یاداشتێكیان پێشكه‌ش به ھەردوو لێژنەی كشتوكاڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كردووه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، تێیدا باس لە مەترسییەكانی داعش لە سنووره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
دووپاتیش ده‌كاته‌وه، داعش ھەڕەشە لە جووتیارەكان دەكات، ئەگەر سەرانەیان پێ نەدەن، دەغڵ و دانەكانیان دەسووتێنێت.
له‌كاتێكدا ئه‌و جووتیارانه بە ھاوكاریی چەند پارێزەرێكی خۆبەخش، چاویان بە ئەندامانی ھەردوو لێژنە پەیوەندیدارەكەی پەرلەمان كەوتووه، لە یاداشتەكەیاندا داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچه‌كانیان دەكەن.
گۆران دیبه‌گه‌یی، كه یه‌كێكه له‌و پارێزه‌ره خۆبه‌خشانه، ده‌ڵێت: "داوامان له هه‌ردوو لێژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بێنه سه‌ر هێڵ و فشاره‌كانیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه له سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه هه‌یه، به‌كار بهێنن".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، ھەردوو لێژنەی كشتوكاڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، یاداشتەكەیان وەرگرتووه و بەڵێنیان پێداون، كه لە نزیكترین كاتدا تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە لەو سنوورە زیاتر بكەن.
كوردستان24 لە ماوەی ڕابردوو لە بەدواداچوونێكیدا دەریخست، داعش لە دەشتی قەراج و گوندەكانی سنووری قەزای مەخموور، شەوانە دەچنە سەر ماڵان و داوای پارە و ئازووقەيان لێ دەكەن، ئێستاش كە وەرزی دروێنەیە، داواكارییەكانیان زیاتر بووە و بە ئاشكرا ھەڕەشەى ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئەگەر خەڵكی گوند داھاتەكانیان لەگەڵدا بەش نەكەن, ئەوا ھەموو شتێكیان لەناو دەبەن.
H.B