سه‌رۆك بارزانی و جێنین پڵاسخارت دوا گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە تاووتوێ ده‌كه‌ن

"هەنگاوەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم دڵخۆشكه‌رن"

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشەممە 13/5/2019، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جێنین هێنس پڵاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەیان تاووتوێ كرد.

له‌و دیداره‌دا ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەنگاوەكانی خێراتركردنی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم، بە هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ هەموو لایەك لە قەڵەم دا.

بارودۆخی ناوچەكانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتوووەكان لە یارمەتیدانی هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوانیان، تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكه‌ بوو.