29 ئه‌ندامی داعش له‌ زینداندا كوژران

له‌ زیندانێكی تاجیكستان ئاژاوه‌گێڕیی روویداوه‌ و سێ پاسه‌وان بریندارن

K24 - هه‌ولێر:

به‌هۆی رووداوێكی ئاژاوه‌گێڕیی له‌ زیندانێكی تاجیكستان، 29 زیندانیی كه‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی داعشیان درابووه‌پاڵ كوژراوون و سێ پاسه‌وانی زیندانه‌كه‌ش بریندار بوون.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20/5/2019، ئاژانسی هه‌واڵی نۆڤۆستی رووسی له‌ زاری مه‌نسوور جۆن عومه‌رۆف، وه‌زیری دادی تاجیكستانه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئه‌و زیندانیكراوانه‌ پاش تۆمه‌تباركردنیان به‌ ئه‌ندامێتی داعش سزاكه‌یان له‌ زیندان ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام چه‌كدار بوون و چه‌قۆ و كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌یان پێبووه‌ و له‌ناو زیندانه‌كه‌دا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، سێ پاسه‌وانیان وه‌ك بارمته‌ گرتووه‌ و داوایان كردووه‌ ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌كرێن ئه‌وا پاسه‌وانه‌كان ده‌كوژرێن".

وه‌زیری دادی تاجیكی روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌و رووداوه‌دا 29 ئه‌ندامی داعش كوژراون، 8 كه‌سیان هه‌ر به‌ ده‌ستی هاوڕێكانی خۆیان كوژراوون كه‌ له‌ زیندانه‌كه‌كه‌ی شاری دوشه‌نبێی پایته‌ختدا بوون و‌ 1500 زیندانیشی تێدایه‌.