یه‌كێتی چووه پاڵ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان بۆ ھێشتنه‌وه‌ی راكان جبووری له پۆسته‌كه‌یدا
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك، كه یه‌کێتی و لایه‌نه تورکمانى و عه‌ره‌بییه‌کانى ناو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکووک، له رێكه‌وتى 16/4/2019دا واژۆیان كردووه، له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون راکان سه‌عید جبوریی (پارێزگاری به‌زۆر سه‌پێندراو به‌سه‌ر كه‌ركووكدا)، وه‌ک جێگرى پارێزگار و پارێزگاری كه‌ركووك به وه‌کاله‌ت، تا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکووک، له پۆسته‌که‌ى خۆی به‌رده‌وام بێت.
هه‌ریه‌که له سه‌رۆکى کوتله‌ى عه‌ره‌بى و تورکمانى و کاکه‌ڕه‌ش سدیق، ئه‌ندامى لیستى برایه‌تى، که سه‌ر به یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستانه وه‌ک "سه‌رۆکی لیست" ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆ کردووه، له‌کاتێکدا (محه‌ممه‌د که‌مال) سه‌رۆکی لیستی برایه‌تیی كه‌ركووكه، كه سه‌ر به پارتیی دیموكراتی كوردستانه، نه‌ك كاكه‌ڕه‌ش سدیق.
كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی دیوانی پارێزگای كه‌ركووك، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه و له 9 خاڵ پێک هاتووه، له هه‌مان رۆژدا به نووسراوێکى فه‌رمى، له‌لایه‌ن راکان سه‌عید، پارێزگارى که‌رکووک به وه‌کاله‌ت، ره‌وانه‌ی نووسینگه‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کراوه.
له خاڵی یه‌كه‌می ریككه‌وتنه‌كه‌دا داوا كراوه، راکان سه‌عید جبووری، وه‌ك پارێزگاى که‌رکووک به وه‌كاله‌ت، تا ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌ن له پۆسته‌که‌ى بمێنێته‌وه.
هه‌روه‌ها له خاڵه‌كانی دووه‌م و سێیه‌مدا داوای هێشتنه‌وه‌ى هه‌ر یه‌ک له عه‌لى حه‌مادى، له پێکهاته‌ى عه‌ره‌ب و رائید جه‌مال، له پێکهاته‌ى مه‌سیحى، له پۆسته‌كانی یاریده‌ده‌ری پارێزگار بۆ کاروبارى هونه‌رى و کاروبارى کارگێڕیی كراوه.
هه‌روه‌ها له خاڵى چواره‌مدا بڕیار دراوه خه‌بات ئه‌سعه‌د له پێکهاته‌ى کورد، بكرێته یاریده‌ده‌رى پارێزگار بۆ کاروبارى خزمه‌تگوزاریی.
به گوێره‌ی خاڵی پێنجه‌میش بێت، توركمانێكیش به ناوى یاڵچین مه‌هدى، وه‌ک یاریده‌ده‌رى پارێزگار بۆ کاروبارى وزه ده‌ستنیشان کراوه.
له خاڵه‌كانی حه‌وته‌م و هه‌شته‌مدا داوای هێشتنه‌وه‌ى پۆستى راوێژکارى پارێزگار بۆ کاروبارى یاسایى و رێکخراوه‌کان و راوێژکارى کارگێڕیی كراوه، كه یه‌که‌میان عه‌ره‌به و كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌شیان تورکمانه. هه‌ر له خاڵى هه‌شته‌مدا پۆستى راوێژکارى ئه‌منىی پارێزگار دراوه به که‌سێکى تورکمان.
له خاڵی نۆیه‌مدا داوا كراوه پۆستى راوێژکارى هونه‌ریی پارێزگار دروست بكرێت و بدرێته كوردێك.
راکان سه‌عید كه ئێستا له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی كورد له پارێزگاكه به پاڵپشتیی عه‌ره‌به هاورده‌كان و بڕیاردان بۆ به عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك تۆمه‌تباره، به هۆی رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی پارێزگاكه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا سه‌پێنراوه و كراوه‌ته پارێزگار به وه‌كاله‌ت.