لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پرسی ته‌عریب ده‌گه‌یه‌ننه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

داوای دانانی سنوورێك بۆ ته‌عریب ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسییەکان داوای راگرتنی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکان دەکەن، له‌م باره‌یه‌وه‌ بریارە هەفتەی داهاتوو یاداشتێك بدەنە هه‌ریه‌ك له‌ حکوومەتی عێراق, حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئەگەر حکوومەتی عێراق داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات، خۆپیشاندان بۆ بەردەم پەرلەمان و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر ئەنجام دەدەن.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ 12 حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ رێگریكردن لە تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کێشەی جووتیاران و سووتاندنی دەغڵودانەکانیان گردبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌ شاری هه‌ولێر سازكرد.

له‌م باره‌یه‌وه‌ کوردۆ ساڵح، نوێنه‌ری حیزبه‌ به‌شداربووه‌كانی گردبوونه‌وه‌كه رایگه‌یاند،‌ یاداشتێکی هاوبه‌شیان ئامادە کردووه‌ و تێیدا داواى قەرەبۆكردنه‌وه‌ی جووتیاران و وەستاندنی پرۆسه‌ی تەعریب دەکەن، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکەن، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش بە گرنگ وەربگرن.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەم یاداشتەیان به‌ سێ زمان بنووسنه‌وه‌ و رادەستی هه‌ر یه‌ك له‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان, عێراق, نەتەوە یەکگرتوەکان, کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان, پەرلەمانی کوردستان و عێراقی بکەن.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش ئەحمەد شێروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی دەڵێت: "ئەگەر وەڵامی یاداشتەکە نەدرایەوە, بریارمان داوە خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام بدەین و ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌مان ده‌به‌ینه‌ بەردەم پەرلەمان و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان".

دوای روداوەوکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ته‌عریب دووباره‌ و بە شێوه‌ و قۆناغی جیاجیا له ناوچە کوردستانیەکان دەستی پێ کردووە, ئەم هەنگاوانەش بە پاڵپشتیی بەشێك لە هێزە عێراقییەکانە, هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیش دەڵێن بە هۆی نەبوونی یەکریزیی نێو لایەنە كوردییه‌كان, تەعریبکردن تا دێت فراوانتر دەبێت.

H.B