تۆمەتبارێك لە رانیە دەستگیر کرا

بۆ دۆزینەوەی سوود لە كامێرای چاودێری وەرگیراوە

K24 - رانیە

لە قەزای رانیەی دەڤەری راپەڕین كەسێك دەستگیر كرا، پۆلیس رایدەگەیەنێت "ئەو كەسە فێڵی لە خەڵك كردووە و قۆڵی ھاووڵاتیانی بڕیوە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە: "دوابەدوای سکاڵای هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری رانیە، كه‌ لە بنکەی پۆلیسی رانیە لە دژی کەسێک تۆماری كردبوو، به‌وه‌ی بڕێک پارەی بە شێوەی فێڵ لێکردن و قۆڵبڕین لێ سەندووە، دۆسیه‌ی لێکۆڵینەوە لەلایەن بنکەی پۆلیسی رانیە رێکخرا و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە. دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن، لەلایەن بنکەی پۆلیسی رانیەوە تۆمەتباری سەرەکی دۆزرایەوە و دەستگیر کرا. تۆمه‌تبار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ددانی ناوە بە تاوانەکەی، کە بە شێوەی فێڵ لێکردن و قۆڵبڕین، بڕێک پارەی لە سکاڵاکار سەندووە".

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند: "تۆمەتبارەکە پیاوێكه‌ بە ناوی (ک ، ظ)ه‌ و تەمەنی 46 ساڵە و دانیشتووی شاری کەرکووکه‌، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە کێشەکە بەردەوامە".

ھ.م