گۆڕان رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بە گرنگ نازانێت

"گرنگی به‌ رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ده‌ین"
kurdistan24.net

 

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی ھەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە لەگەڵ گۆڕان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بەیەکەوە رێکبکەون یاخود رێکكەوتنە کۆنەکان زیندووبکەنەوە بە مەبەستی دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز، پەرلەمنتارێکی گۆڕان دەڵێت، ئەوە بابەتە لای گۆڕان گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی بەلای گۆڕانەوە گرنگە جێبەجێکردنی ئەو  رێکكەوتنەیە کە بە مەبەستی پێکھێنانی حکوومەت کردوویانە.

پارتی و یەکێتی و گۆڕان، ئەو سێ لایەنە سه‌ره‌كییه‌ن رێكکەوتنی کۆتاییان کردووە بە مەبەستی پێکھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستان، نەیانشاردووەتەوە کە کاری لە پێشینەیان جێبەجێکردنی رێکكەوتنەکانە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام ماوەیەکە ھەندێک بەرپرسی یەکێتی لە ژێر ناوی دروستکردنی ھاوسەنگی ھێز باس لە نزیکبونەوەیان لەگه‌ڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، ئەندامێکی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی لێک تێگەشتن لە گەڵ گۆڕان بە گرنگتر دەزانێت لە رێكکەوتن، دەڵێت ئەزمونی رێكکەوتنمان ھەیە و دەرئەنجامەکەی دیارە، ھاوکات رێكکەوتنی دیکە بەدەر لەو رێكکەوتنانەی کە بۆ پێکھێنانی حکوومەت کراوە بە زیادە دەزانێت.

فەھمی بورھان، ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی بە كوردستان24ی گوت: "ھیچ رێككەوتنێكی دیكە بۆ پێكھێنانی حكوومەت بە باش نازانم، پێشم وایە ناكرێ حكوومەت ببەسترێتەوە بەو ھەموو قەید و بەندی نێوان لایەنەكان، دەبێ ھەوڵبدەین لە ماوەی چوارساڵی داھاتوودا ئەو ئەجندایەی لەسەری رێككەوتووین جێبەجێی بكەین، لە دەرەوەی ئەمە ھەر رێككەوتنێك بكرێت دەبێتە  بارگرانی".

لە ماوەی رابردودا گۆڕان، یەکێتی تۆمەتباردەکرد بە جێبەجێنەکردنی رێكکەوتنەکانی پێشوویان، پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایدەگەیەنێت، کاری لە پێشینەیان بزووتنەوەكە گرنگیدانە بەو رێکكەوتنەی کە کردوویانە بۆ پێکھێنانی حکوومەت و جێبەجێکردنیەتی وەک خۆی.

دابان محه‌مه‌د، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "ھەندێك كەس لەناو یەكێتی باسی رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان دەكەن، بەڵام ئەو پرسە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان نەبووەتە پرسێكی جدی و ھەر بابەت نییە، چونكە لە ساڵی 2012 و 2014 رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی ھەبووە، ئەگەر شتێكی وا لە ئارادایە با یەكێتی ناوەرۆكی رێككەوتنی ساڵی 2014 جێبەجێ بكات، لەماوەی رابردوو بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنەكانی لە یەكێتی وەك تاكتیك بینیووە".

پارتی رێکكەوتن بە مافی ھەموو حزبەکان دەزانێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەو حزبە دەڵێت، ھەموو رێكکەوتنێک خزمەت بە خەڵکی کوردستان دەکات، بە مەرجێک مەبەست لێی خزمەت کردن بێت بە خەڵکی کوردستان نەک مەبەستی دیکەی لە پشتەوە بێت.

حەسەن جەباری، كارگێری لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە: "دەكرێ رێككەوتن لەسەر ئەو خاڵە گشتیانە بكرێت كە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانەوە دەچێتە كارنامەی حكوومەت، پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە چۆن زیاتر خزمەت بە ھاووڵاتیان دەكرێت، نەك بەرژەوەندی حزبەكان رەچاو بكرێت".

ھ.م