رێباز بێركۆتی: گۆڕینی قائیمقامی كۆیه‌ بڕیارێكی نایاساییه‌

"ئه‌م شێواز و میكانیزمه‌ نایاساییه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و لێی به‌رپرسیار نین"

K24 - هه‌ولێر:

رێباز بێركۆتی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ باره‌ی دانانی قائیمقامی نوێی كۆیه‌، روونكردنه‌وه‌یه‌كی 4 خاڵیی، بۆ رای گشتیی كۆیه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی رێباز بێركۆتی، كه‌ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ 1ی ئایار هه‌واڵی ده‌ستبه‌كاربوونی قائیمقامی نوێی كۆیه‌یان بیستووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ به‌ یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 2009 رێكخراوه‌ و تێیدا میكانیزم و چۆنیه‌تی ده‌ستبه‌كاربوونی دیاری كراوه‌ و ئه‌وه‌ی ئێستا كراوه‌، كارێكی "نایاساییه‌ و پێشێلی یاسا كراوه‌".

ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كاته‌وه‌، هیچ گرفتێكیان له‌گه‌ڵ قائیمقامی نوێ نییه‌ و روونی ده‌كاته‌وه‌ "ده‌كرا به‌ شێوه‌ی دروست و میكانیزمی یاسایی، ئاڵوگۆڕه‌كه‌ بكرێت".

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ به‌ "بێ مشوه‌ره‌ت و هه‌ماهه‌نگی و بێ دیراسه‌" وه‌سف ده‌كات، ده‌شپرسێت: "چۆنه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا، چوار قائیمقام له‌ كۆیه‌ ده‌گۆڕدرێن؟".

رێباز بێركۆتی، شێواز و رێكاره‌كانی ده‌ستبه‌كاربوونی قائیمقامیه‌تی نوێ، به‌ "ته‌جاوزكردنه‌ سه‌ر یاسا و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و فراكسیۆنی یه‌كێتی" وه‌سف ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای ددان به‌خۆداگرتنی خۆی و هه‌ڤاڵانی له‌ فراكسیۆنه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ "ئه‌وپه‌ڕی فه‌رق و جیاوازی" له‌ نێوان ئه‌وان و فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا كراوه‌، له‌ رووی "ئالیات و ماددی و مه‌عنه‌وی"، له‌ ئه‌ركه‌كانی خۆیاندا به‌رده‌وام بوونه‌.

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، "ناچاركراین وه‌ڵاممان هه‌بێت و روونكردنه‌وه‌ بده‌ینه‌ خه‌ڵكی شاری كۆیه‌ی خۆشه‌ویست، لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌م شێواز و میكانیزمه‌ نایاساییه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و لێی به‌رپرسیار نین".

ئ. م