مه‌لا به‌ختیار: له‌ ریفراندۆم هه‌ڵه‌ نه‌بووین

مه‌لا به‌ختیار له‌ باره‌ی شه‌ڕی ئێران و ئه‌مه‌ریكا په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە میانی کۆبونەوەیەکیدا له‌گه‌ڵ مامۆستایانی شۆڕش رایگه‌یاند، پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی و كه‌سی یه‌كه‌می لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریی بكه‌ن.

لە کۆبوونەوەكەدا مەلا بەختیار لەبارەی مەترسی جەنگی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق، رایگه‌یاند، لێرەوە بانگەوازێك بۆ كاك مەسعود‌ و كاك كۆسرەت‌ و سەرۆكی هەموو حزبەكان دەكەم، سەرەڕای جیاوازییەكان‌و كێشەكان، كە بەزوترین كات كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەنێوان حزبەكانی كوردستاندا بكرێت‌ و لەناو پەرلەمان كۆبوونەوە بكرێت ‌و داوای كۆبوونەوەی حزبە عیراقییەكان بكرێت‌ و گفتوگۆ بكەین.

گوتیشی: بۆ مەترسی جەنگ لەنێوان ئەمه‌ریكا و ئێران، با سیاسەتی خۆمان ببەستینەوە بەسیاسەتی بەغداد. بەڵام سیاسەتی بەغدادیش نابێ‌ بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان بیسەپێنێت. بەڵكو دەبێ‌ بەڕاوێژو بەبۆچوونی هەمولایەكمان ستراتیجەكە دابنێین، نەك بەغداد لەوێ‌ بڕیارێك بدات‌ و ئێمەش لێرە، ملكەچ بین. 

هه‌روه‌ها گوتی: قەدەری نەتەوەی ئێمە، قەدەرێكی بەدبەختییە كە گیرۆدەی دواكەوتن‌ و دەسەڵاتە خراپەكانی ناوچەكە و گیرۆدەی هەموو ئەو رووداوانەشین، كە بەدەر لەئیرادەی خۆمان بەسەرماندا دەسەپێنرێت‌ و ئەنجامەكەشی چۆن دەكەوێتەوه‌؟ دیارە خراپ لەسەر چارەنوسمان كاریگەری دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەدوای ریفراندۆم هەتا ئێستا، بەشبەحاڵی خۆم، وەكو بیروباوەڕو مافی دیموكراسی، قەت خۆمان بەهەڵە نازانم. بەڵام باشە ئەگەر ئێمە هەڵەش بوین‌ و ئەوان سەركەوتوون، ئەوە ناوچە كێشە لەسەرەكان‌ و ناوچەكانی مادەی (140) لەدەستی ئەواندایە، دەیفەرموو مادەی (140) جێبەجێ‌ بكەن‌ و بیسەلمێنن كە ئێمە هەڵەبووین! بڕگەكانی مادەی (140) ئەوەی ماوە جێبەجێی بكەن. فەرموو خەڵكەكەی دابمەزرێنن‌و خزمەتی بكەن، فەرمانبەرانی كورد دەرمەكەن. كەواتە ئەگەر لەریفراندۆم هەڵەبووین، ئەی ئێستا حكومەتی عێراق ئەمە بۆ دەكەن؟! ئەی لەدوای ریفراندۆمەوە كوا، كامە چاكەیە لەگەڵ میللەتەكەمانیان كردووە، هەتا بیسەلمێنن كە لەریفراندۆم هەڵەبووین!