هه‌ولێر یه‌كه‌مین یاری له‌م وه‌رزه له شه‌وانی ره‌مه‌زان ده‌كات
له‌گه‌ڕی 29ـی خولی نایابی عێراقی له‌سه‌ر یاریگای یه‌كه‌می فڕه‌نسۆ هه‌ریری یانه‌ی هه‌ولێر میوانداریی سه‌ماوه ده‌كات، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر 10:00ـی سبه‌ی شه‌و ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ولێر ئه‌م یارییه به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانێت تا مانه‌وه‌ی خۆی له خوله‌كه مسۆگه‌ر بكات.
هه‌ولێر و سه‌ماوه له مێژووی خولی نایابی عێراق پێنج جار رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، هه‌ولێر ته‌نیا یه‌ك یاریی بردۆته‌وه و سه‌ماوه‌ش سێ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه یارییه‌كیش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه، له‌م وه‌رزه‌ش له قۆناخی یه‌كه‌م له یاریگای سه‌ماوه، هه‌ولێر به گۆڵێ بێبه‌رامبه‌ر یارییه‌كه‌ی دۆڕاند.
هه‌ولێر له ئێستادا باروۆخی باشتر بووه، چونكه دوو یارییه بردنه‌وه‌یه‌ك و یه‌كسانبوونێكی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌كره‌م سه‌لمانی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌م یارییه بباته‌وه، هه‌رچه‌نده 4 یاریزانی قه‌ڵای زه‌رد به‌هۆكاری كارتی ره‌نگاوره‌نگ و پێكان دوورخراونه‌ته‌وه له‌وانه (شوان مامۆ، عومه‌ر عه‌دنان، ئه‌حمه‌د عه‌لی، كامه‌ران خالید و عه‌لی سه‌لمان).
زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر له ناوه‌ڕاستی ریزبه‌ندیی خولی نایابی عێراق دێن و ئه‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌یه و له‌م وه‌رزه له كۆی 28 یاریی رابردوو 8 بردنه‌وه و 9 یه‌كسان و 11 دۆڕانی هه‌یه، به 33 خاڵ له خانه‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه ده‌بینرێن، هه‌ولێر تا ئێستا 22 گۆڵی تۆمار كردووه و 28 گۆڵیشی لێكراوه، محه‌مه‌د جه‌فال به 7 گۆڵ گۆڵكاری هه‌ولێره.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی سه‌ماوه له 28 یاریی 7 بردنه‌وه و 6 یه‌كسانبوون و 15 دۆڕانی هه‌یه خاوه‌نی 27 خاڵه و له خانه‌ی هه‌ژده‌یه‌م دێت، سیراجه‌دین سه‌ڵاح به 5 گۆڵ گۆڵكاری ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی سه‌ماوه‌یه.