ته‌عریب له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ره‌گ داده‌كوتێ

"لە عێراق ھێزە سەربازیی و ئەمنییەكان دەسەڵاتدارن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ماوەی چەند هەفتەیەكە ھەڵمەتێكی چڕی دەركردنی كورد و سووتاندنی بەرھەمی جوتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێدەنگ و بێ ھەڵوێستە بەرامبەر تەعریبكردنی كورد و سووتاندنی گەنمی جوتیاران، ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر رووداوەكانی بەسرە و نقومبوونی بەلەمی گەشتیاران لە مووسڵ چەندین بڕیاری توندی دەركردووە.

لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، رازیبوون بە تەعریب کردن، کراوەتە مەرج بۆ دروێنەکردنی دەغڵ و دانی جووتیارانی دانیشتووی ئەو ناوچانە، بە ئاشکراش ھێزە سەربازییەکان لەژێر ناوی جۆرا و جۆر سەرپەرستی ئەو تەعریب کردنە دەکەن و دەست لە بڕیارە سیاسییەکان وەردەدەن

لەوبارەوە لیزا فەلەكەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو ناوچانە پێویستیان بە ئارامی و سەقامگیری ھەیە، پێویستە دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، ئەمەش بە یەك دەنگی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، پێویستە كۆبوونەوەی لوتكە بۆ ئەم مەنەستە ببەستن".

پەرلەمانی عێراق، لە رووداوەکانی بەسرە و نقومبوونی بەلەمەکەی موسڵ، ھاتە دەنگ و کۆمەڵێک بڕیاری توندی دەرکرد، بەڵام ماوەیەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ھەوڵی تەعریب بە ئاشکرا ھەستی پێدەکرێت و رۆژانەش دەغڵ و دانی جووتیاران دەسووتێندرێت، لە بەرامبەردا پەرلەمانی عێراق بێدەنگە و نەیتووانیوە رێگری لەو ھەوڵانە بکات.

ناسر ھەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: "ئێمە پێمان وابوو عێراق بەرەو دیمەكراسی دەڕوات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا دەسەڵات لای ھێزە ئەمنییەكانە، ئەمەش وایكردووە كە دەسەڵاتی حكوومەتە خۆجێییەكان كەم بێتەوە، ئەو فەرماندەی ئۆپەراسیۆن كە دروستكراون لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق دەسەڵاتدارن".

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 تائێستا بڕیارە ئیدارییەکان، سەرجەمیان دژی کوردانی نیشتەجێی، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمن، ھەموو بڕیارەکانیش لەژێر سایەی ھێزە سەربازییەکان جێبەجێدەکرێن، بێ ئەوەی ھیچ کام لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق دەنگیان لێوە بێت.

ھ.م