پێرێز ئاماده‌یه هاوشێوه‌ی كریستیانۆ به گرێبه‌ستێكی باش رامۆس بفرۆشێت
به گوێره‌ی به‌شێكی زۆر له سه‌رچاوه راگه‌یاندنه‌كانی نزیك له یانه‌ی ریال مه‌درید، پێرێز رازیبووه هاوشێوه‌ی كریستیانۆ ده‌ستبه‌رداری رامۆس بێت به مه‌رجێك گرێبه‌ستێكی باشیان پێشكه‌ش بكرێت.
خاڤی هێرایز رۆژنامه‌نووس له رادیۆی كادێنا سێر، ئاشكرای كردووه كه ئێستا گفتووگۆی رۆیشتنی رامۆس له ریال مه‌درید گه‌رمه و پێرێز ئه‌و یاریزانه‌ی سه‌رپشك كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له ریال مه‌درید بڕوات به مه‌رجێك ئۆفه‌رێكی باشیان پێشكه‌ش بكرێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێگه‌ی ئاس ئاشكرای كردووه كه رامۆس ئۆفه‌رێكی له خولی چینییه‌وه به 75 ملیۆن یۆرۆ بۆ 3 وه‌رز پێگه‌یشتووه.
خوانمی سانز رۆژنامه‌نووسی ئیسپانیا له پرۆگرامی چیرینگیتۆ رایگه‌یاند كه رامۆس له‌سه‌ر رۆیشتن سووره و كێشه‌ی ئه‌و مووچه و پاره نییه، به‌ڵكوو كه‌سییه، كێشه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌دریده.
سێرخیۆ رامۆسی ته‌مه‌ن 33 ساڵ، له هاوینی 2004 له یانه‌ی سێڤییاوه به به‌های 27 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ریال مه‌درید، رامۆس له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 4 نازناوی لالیگا و 2 جامی شای بردۆته‌وه.
رامۆس 606 یاری فه‌رمی له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید كردووه و 84 گۆڵ و 39 ئاسیستی تۆمار كردووه.