په‌یامه‌كانی پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی 28ی ئایاری 2019، به‌ كۆی 68 ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، متمانه‌ به‌خشرایه‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

دوای هه‌ڵبژاردن و متمانه‌ به‌خشینیش به‌ نێچیرڤان بارزانی، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و لایه‌ن له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، په‌یامی پیرۆزباییان ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد.

 

سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و پۆسته‌، تێریزا مێی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌كات.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌ریتانیا، مێی نووسیویه‌تی: "پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌م، كه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه"‌.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، "شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان به‌هێز بكات".

 

جێرمی هانت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، جێرمی هانت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كرمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ئێستا خۆشحاڵم به‌وه‌ی كه‌ نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.

جێرمی هانت ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، شانشینی یه‌كگرتوو به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییی به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی پشتگیری نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، له‌ بونیادنانی گیانی یه‌كگرتوویی و لێبوورده‌یی له‌ كوردستان و عێراق و جیهان.

 

عومه‌رى سه‌يد عه‌لى پيرۆزبايى له‌ نێچيرڤان بارزانى ده‌كات

به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژادنيان به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا عومه‌رى سه‌يد عه‌لى، ڕێكخه‌رى گشتيى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان‌ پيرۆزبايى له‌ نێچيرڤان بارزانى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاسى عومه‌رى سه‌يد عه‌لى كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان کردەوە له‌ گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌كان و ته‌بايى و يه‌كڕيزى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دياتى قۆناغه‌كانى داهاتوو، وە بۆ خزمه‌تکردنی گەل و وڵاتەکەمان.

 

بابەشێخ حوسەینی، سكرتێری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی له نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی!

سڵاو و ڕێز..

بە بۆنەی هەڵبژاردنت بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانتان پێشكەش دەكەم.

هەڵبژاردنی بەڕێزت بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم هەلومەرجەدا بۆ خەڵكی كوردستان و تێكرای عێراق گرنگە و دەبێتە هۆی ئارامی و سەقامگیری و دامەزراویی سیاسی.

دڵنیام بەڕێزت لە ئەركی سەرۆكایەتی هەرێم سەركەوتو دەبی و بە پێكهاتنی حكوومەتی داهاتووی هەرێم، كوردستان ئاوەدان و دامەزراوتر دەبێ‌.

لە گەڵ پیرۆزبایی دووباره‌م

 

مستەفا هیجری پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی پەیامێکدا پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی گەیاندە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق. دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

بەڕێز/  جەنابی کاک نێچیروان بارزانی سڵاوێکی گەرم لەم کاتەدا کە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکاندا بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، هەڵبژاردنی بەڕێزتان لە لایەن پارلمانەوە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێ سپاردنی ئەرکێکی قورسە، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموونە بەرچاوەی کە لە ماوەی ساڵانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم وەسەریەکتان ناوە و، هەستکردن بەو بەرپرسیاریەتییە گرنگ ومێژووییەی دەکەوێتە سەرشانتان لە راستای جووڵانەوەی کورد بەگشتی، هەموو توانای خۆتان بەکار دێنن.

ئێمە بەم هەڵبژاردنە بەجێیەی پارلمانی هەرێمی کوردستان خوشحاڵین و بەم بۆنەوە لە لایەن خۆم و تێکڕای رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ئاواتمان سەرکەوتنتانە.

لەگەڵ ڕێزی دووبارە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

 ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی

٢٩ی مەی ٢٠١٩ی زایینی

 

ئه‌یاد عه‌لاوی پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا د. ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی وه‌ته‌نییه‌، به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركی نوێیدا.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی و پیرۆزباییه‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی كرد و هیوای خواست له‌ قۆناغی داهاتوودا به‌ هه‌موو لایه‌ك بتوانن به‌ هاوبه‌شی خزمه‌تی باشتر به‌ وڵات و پێكهاته‌كانی‌ بكه‌ن.

تاووتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ماون به‌ رێگه‌ی دیالۆگ و دووپات كردنه‌وه‌ی بنه‌مای گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ بوو.

 

 

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری پیرۆزبایی له به‌ڕێز‌ نێچیرڤان بارزانی كرد

به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی متمانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان برۆسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی كرد ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی متمانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێزتان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین. له‌ ساڵانی رابردوو هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغی سه‌خت و دژواری جیاجیادا تێپه‌ڕ بووه‌و له‌و قۆناغانه‌دا به‌ڕێزتان وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌، رۆڵ و كاریگه‌ری گه‌وره‌تان له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانانه‌و سه‌ركردایه‌تی كردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كه‌ناری ئارامدا هه‌بووه‌. ئێستاش به‌ هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێزتان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین و هیوادارین وه‌ك چۆن له‌ رابردوو به‌ڕێزتان نمونه‌ی سه‌ركه‌وتووی كاری پێكه‌وه‌یی و  هاوبه‌شی له‌ بڕیاردان بوونه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌ سه‌خته‌كان، له‌ ساڵانی داهاتووش هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌وڵ و كۆششی به‌ڕێزتان هه‌نگاوی جیدی بنرێت بۆ چاكسازی و چه‌سپاندنی یاساو هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتری هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش له‌ پێناو به‌هێزتركردنی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان.

دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری

29\5\2019

 

عادل عه‌بدولمه‌هدی پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركی نوێیدا.

له‌ به‌رامبه‌ردا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ و پیرۆزباییه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كرد و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و دیالۆگ دووپات كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا عادل عه‌بدولمه‌هدی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌كان به‌رز نرخاند و هیوای خواست له‌ داهاتوودا هه‌ردوولا هه‌وڵی زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ بده‌ن كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراون.

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵبژێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ مه‌ولوود چاوش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه‌ پێگه‌یشت.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا چاوش ئۆغڵو پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ پۆسته‌ نوێكه‌یدا بۆ خواست و په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانیشی دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی چاوش ئۆغڵوی كرد بۆ پیرۆزباییه‌كه‌ی و هیوای زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خواست.

 

نه‌جمه‌دین كه‌ریم پیرۆزبایی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، له‌ په‌یامێكدا وێڕای پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌، برای بەڕێزم دەستبەکاربوونتان لە پۆستی سەرۆکی هەرێم لە کات و ساتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر دژوار تێپەڕ دەبێت، دڵنیام بە سیاسەتی حەکیمانە دەتوانن، پێگە و پارەسەنگی هەرێمی کوردستان لە نێو هاوکێشەکانی ناوچەکە بپارێزن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەڕێز/ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بابەت/ پیرۆزبایی

بە بۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم و دەخوازم لەم ئەرکە نوێیەدا سەرکەوتنی زیاتر بۆ گەلی کوردستان بەدەست بهێنن وەک چۆن لە رابردوودا لەکابینەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتنتان بەدەست ھێنا.

برای بەڕێزم دەستبەکاربوونتان لە پۆستی سەرۆکی هەرێم لە کات و ساتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر دژوار تێپەڕ دەبێت، دڵنیام بە سیاسەتی حەکیمانە دەتوانن، پێگە و پارەسەنگی هەرێمی کوردستان لە نێو هاوکێشەکانی ناوچەکە بپارێزن.

هاوکات ڕۆڵی بەڕێزتان لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەمڕۆی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان نادیدە ناکرێت و بەرز دەنرخێندرێت.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی هەڵبژاردنی بەڕێزتان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم و دەخوازم لە هەوڵەکانتان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانی میلەتەکەمان بەردەوام بن و سەرکەوتنی زیاتر دەستەبەر بکەن.

 برات

دکتۆر نەجمەدین کەریم

 

به‌شیر حه‌داد: چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین نێچیرڤان بارزانی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات

هه‌روه‌ها، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌شیر حه‌داد رایگه‌یاند، ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین نێچیرڤان بارزانی كار بۆ زەمینەسازی پێویست بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوانەی لەنێوان بەغدا وهەولێردا ماون.

هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، به‌شیر حه‌داد په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: متمانەیەكی تەواومان هەیە بەوەی سەرۆكایەتی تازە هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی كاریگەر دەبینێت بۆ بونیادنانی پەیوەندیی پتەو وباشتر لەنێوان هەموو حزب ولایەنە سیاسیە كوردستانیەكان ونزیكتركردنەوەی بیر و ڕا و بۆچوونەكان لەسۆنگەی باوەڕی بوون بە یەكڕیزی ماڵی كورد ویەكخستنی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

هەروەها هاتووه‌: نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی چەندین ساڵەی بەردەوامی لەسەرۆكایەتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و بێگومان رۆڵ و كاریگەری سیاسییان لەسەر ئاستی نیشتیمانی بەردەوام دەبێت. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین لە بەڕێزیان كار بۆ زەمینەسازی پێویست بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوانەی لەنێوان بەغدا و هەولێردا ماون هەروەها بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسیەكانی دیكەی عیراق، هیوادارین ئاشتی و ئاوەدانی لە كوردستان و هەموو عێراق بەرقەرار بێت.

 

حه‌لبووسی په‌یوه‌ندی به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ كرد

هه‌روه‌ها محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا و پرۆزبایی هەڵبژاردنی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێكرد.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاندووه‌، حه‌لبووسی متمانەی خۆی نیشاندا بە توانا و بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی كە دەبێتە هۆكارێك بۆ سەركەوتنی لە ئەركەكەی، هیوای پێشكەوتنیشی بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان خواست.

 

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وێستگه‌یه‌كی گرنگی خه‌باته‌

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا(په‌ده‌كه‌سه‌)، له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵبژاردنی رێبازی بارزانی نه‌مره‌ له‌ تێكۆشان و قوربانیدان و دڵسۆزی و هه‌تا ئێستاش بزوێنه‌ری بنه‌ڕه‌تی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ له‌ پێناو مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و دیموكراتییه‌كانی گه‌لی كوردستان.

 

برێت ماكگۆڕك: نێچیرڤان بارزانی له‌و سه‌ركردانه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

جگه‌ له‌ ئاستی كوردستانیی و عێراقی، ژماره‌یه‌ك له‌ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنه‌ر و نێرده‌ بیانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، پیرۆزباییان ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد و له‌وانه‌ش جۆن ویڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق رایگه‌یاند، ئێمه‌ پێویسته‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ بین وه‌ك كورده‌كان و عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتان وه‌كو به‌ریتانیا بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌ به‌رده‌ممانن به‌ باشترین شێوه‌.

هه‌روه‌ها برێت ماكگۆڕك نێرده‌ی پێشووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد و رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌كی زۆر نین ئه‌و سه‌ركرده‌ به‌ توانا و به‌هره‌مه‌ندانه‌ی كه‌ هه‌ن و له‌م ساته‌ ناسكه‌دا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێویسته‌. 

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، کونسوڵخانەی گشتی ئەمه‌ریکا لە ھەولێر پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق و رایگه‌یاند، ھیوادارین لە چوار ساڵی داھاتوودا کار لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بکەین.