قەڵایەكی پاشای گهوره فەرامۆش دەكرێت
K24 - دوكان
قەڵای میر محهممهد، پاشای گەورەی میرنشینی سۆران، لە شارۆچکەی دوکان، یەکێکە لەو شوێنەوارە کۆنانەی فەرامۆش کراوە و رۆژانە دیوارەکانی دادەڕوخێن. قەڵاکە بەسەر زێی بچووکدا دەڕوانێ و دەکەوێتە یەکێک لە دڵڕفێنترین ناوچە گەشتیارییەکانی شارۆچکەی دوکان. لە دوای ساڵی 2010ـەوە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار، پلانی نۆژەنکردنەوەی ھەیە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.
جگە لە گرنگیی قەڵاکە لە بواری مێژووییدا، به بۆچوونی مێژووناسان ھەڵکەوتەی جوگرافیایی قەڵاکەش بۆ بواری گەشتیاریی و راکێشانی گەشتیاران گرنگه.
پێشتر بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بە ھەماھەنگیی بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری دوکان، پلانی نۆژەنکردنەوەى ئهو قهڵایهیان ھەبووە، بەڵام قەیرانی دارایی پڕۆژەکەی راگرتووە، ئێستا جارێکی دیكە نۆژەنکردنەوەی قەڵاکەی پاشای گهوره لە دوکان ھاتووەتەوە بەرباس و حکوومەت دەیەوێ نۆژەنی بکاتەوە.
قەڵای میرى سۆران، قەڵایەکی سەربازیی بووە و لە دوو نھۆم و چەندین ژوور و خاڵی پاسەوانی پێک ھاتووە، مێژووی دروستکردنی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، کە دەسەڵاتی میرنشینەکەی تا زێی بچووک درێژ ببووەوە. قەڵاکە لەسەر یەکێک لە تەپۆڵکە بەرزەکانی سەر دەریاچەی دوکانە، جگە لە بواری مێژوویی، سوودی بۆ كەرتی گەشتیاریی شارۆچکەی دوکان و ھەرێمی کوردستان ھەیە.
ھ.م