یەكێتی: بژارده‌ى گفتوگۆ باشترین رێگاچاره‌یه‌‌

راگه‌یه‌نراوێك له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29/5/2019، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لى، جێگرى سكرتێرى گشتى له‌ شارى سلێمانى، سه‌باره‌ت به‌ دۆخى سیاسى كوردستان ‌و دوا پێشهاته‌كان كۆ بووه‌وه‌. كۆبونه‌وه‌كه‌ پشتیووانیی خۆى بۆ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى دوێنێى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌ربڕىوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن: "به‌رجه‌سته‌كردنى كرداره‌كى بڕیارى كۆبونه‌وه‌كانى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ‌و به‌دیهێنانى خواسته‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ هه‌رێم‌ و به‌غدا و كه‌ركووك، له‌ پێناوى پابه‌ندبوون به‌ ناوه‌ڕۆكى رێكه‌وتنه‌ ئیمزاكراوه‌كانى نێوان یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ‌و پارتیى دیموكراتى كوردستان، به‌ مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنیان".

ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى جه‌ختى كرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێتى وه‌ك هێزى به‌رپرسیار له‌ چاره‌نووسى گه‌لى كوردستان‌، ڕاپه‌راندنى ئه‌ركه‌ نیشتمانى‌ و دیموكراسییه‌كان‌، یه‌كڕیزیى گه‌لى كوردستان‌ و ته‌بایى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، به‌ سه‌نگى مه‌حه‌ك بۆ هێنانه‌دى مافه‌ دیموكراسى‌ و ده‌ستورییه‌كانى گه‌لى كوردستان ده‌زانێت. 

هه‌روه‌ها كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتی دۆخى سیاسى‌ و ئه‌منى‌ و ئیداریى ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابرێنراوه‌كان (كه‌ركووك، خانه‌قین، دووز، شه‌نگال، مه‌خموور)ی هه‌ڵسه‌نگاندووه‌، هه‌ماهه‌نگى‌ و ته‌بایى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، به‌تایبه‌تى یه‌كێتى‌ و پارتى، به‌ پێویستیه‌كى قۆناغه‌كه‌ زانى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و ناوچانه ‌‌و رووبه‌رووبونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆرو ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رله‌نوێ شێواندنى واقعیى دیمۆگرافیى ناوچه‌كه‌.

ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى به‌هه‌ستیارییه‌وه‌ پێشهات ‌و گۆڕانكارییه‌كانى ناوچه‌كه‌‌ و توندبوونه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانى تاووتوێ كرد ‌و جه‌ختی كرده‌وه‌، بژارده‌ى گفتوگۆ باشترین رێگاچاره‌یه ‌‌و ناوچه‌كه‌ له‌ شه‌ڕى وێرانكه‌ر دوور ده‌خاته‌وه‌. هه‌روه‌ها سیاسه‌تى هاوسه‌نگیی دامه‌زراوه‌ ده‌ستورى‌ و فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌ و یه‌ك هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌كانى كوردستان له‌ روانگه‌ى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ به‌ گرنگ ده‌زانن.