لایه‌نه سیاسییه‌كان داوای سازان و رێككه‌وتن ده‌كەن
K24 - ھەولێر
لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی خه‌ڵك و نیشتمان بخرێته ناو ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه. حزبی شیوعیی كوردستان ئه‌و بابه‌ته به هێڵی سور ناوده‌بات و پارتیش وێڕای ناكۆكییان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌ڵێ: "هیچ رێگایه‌كی دیكه‌مان نییه، جگه له رێككه‌وتن". به‌ره‌ی توركمانیش خه‌ڵك به خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت و داوا ده‌كات هه‌موو لایه‌نه‌كان كار بۆ به‌هێزكردن و پاراستنی بكه‌ن.
ناكۆكیی نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانیانی كردووه‌ته باسی خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكە، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه باس له مه‌ترسیی دوو ئیداره‌یی ده‌كرێت. پارتیی دیموكراتی كوردستان به هه‌موو جۆرێك ئه‌گه‌رێكی له‌و شێوه‌یه ره‌ت ده‌كاته‌وه و ئه‌ندامێكی فراكسیۆنه‌كه‌یان له په‌رله‌مانی كوردستان پێی وایه لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان هیچ رێگایه‌كی دیكه‌یان له‌به‌رده‌م نییه، جگه له سازان و رێككه‌وتن.
زانا مه‌لا خالید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی گوت: "جەخت لەوە دەكەینەوە، كە ناكۆكییەكان لە ھەر ئاستێكدا بن، بەرژەوەندیی حزبەكان بەلاوە بنێین و ھەوڵ بدەین ئەزموونی ھەرێمی كوردستان بە ھەموو لایەكمان بپارێزین، بە بڕوای ئێمە جگە لە رێككەوتن، ھیچ بەدیلێكی دیكە نییە".
له خاڵی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ی 4/3/2019 نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هاتووه، هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به یه‌كێتیی خاكی نیشتیمان و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره سیاسی و ئیدارییه‌كه‌ی ده‌پارێزن. به‌ڵام له ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیدا و پێچه‌وانه بوونه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه، هاووڵاتیانی نیگه‌ران كردووه. حزبی شیوعیی كوردستانیش له زاری ئه‌ندامێكی كه‌مته‌بی سیاسییه‌كه‌یانه‌وه جه‌خت ده‌كاتەوە، كه نابێت به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی، تێكه‌ڵی ناكۆكییه سیاسییه‌كان بكرێت و ئه‌و بابه‌ته به "هێڵی سوور" وه‌سف ده‌كه‌ن.
هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان دەڵێ: "پارستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان ئەركی سەرەكی و ھێڵی سوورە بۆ ھەموو لایەك".
ھ.م